پەسەندکردنی لای ئەنجومەنی پارێزگایە

شارەوانی سلێمانی: خانووە زیادەڕۆکانی 29 گوند چوارچێوەی یاساییان بۆ نەکراوە

964+
ئەحمەد مستەفا

سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، “بە پێی یاسای قەدەغەکردنی زیادەڕەوی (ژمارە 3ی ساڵی 2018) خانووکردن لە سنووری گوندەکانی ناو ماستەرپلانی شاری سلێمانیدا راگیراوە، چونکە سنوورە فراوانکراوەکانی ئەو گوندانە تەنیا رێکاری ئەندازەییان بۆ کراوە و هێشتا رێکارە یاساییەکانیان تەواونەکراوە”.

لە راگەیەندراوێکدا، کە لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی هۆشیاری ئەوە بە هاوڵاتیان دەدات، کە تا ئامادەکردنی ئەم هۆشیارییە، بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە فراوانکردنی حەرەمی 29 گوند لەو گوندانە هێشتا پەسەند نەکراوە.

شارەوانی سەرگەڵو داوای کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی دەکات

شارەوانی سەرگەڵو داوای کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی دەکات

بۆیە لە رووی یاساییەوە ئەو سنوورە فراوانکراوانە بە (سنووری حەرەمی گوند) دانانرێن، بەڵکو بە (سنووری گەڕەکی ئەو گوندە) دادەنرێن و بەر یاسای تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان (ژمارە 3ی ساڵی 2019ی هەموارکراو) دەکەون، نەوەک یاسای تاپۆکردنی حەرەمی گوندەکان (ژمارە 12 ساڵی 2012).

یەکێک لە مەرجەکانی تاپۆکردنی خانووی زیادەڕۆ (واتە خانووی دەرەوەی سنووری حەرەمی گوند) ئەوەیە خانووەکە پێش رێکەوتى 31.12.2020 دروستکرابێت، شارەوانیی سلێمانی بۆ ئەمە دەڵێت، “ناتوانین رێگەپێدان بدەین، بە دروستکردنی خانوو لەو سنوورە فراوانکراوانەدا تا بەیاننامەیان بۆ دەردەچێ بە ئەژمارکردنیان بە سنووری حەرەمی گوند”.

ناوی گوندەکان:

گوندی قڕگە
گوندی قرەطوغان
گوندی کەڵەکن
گوندی کانی گۆمە
گوندی عەواڵ
گوندی کۆستەی چەم
گوندی خەلیفاوا
گوندی ئاوبارە
گوندی خێوەتە
گوندی ئاشەسپی
گوندی مەلا داود
گوندی کانی بەردینە
گوندی بابان
گوندی کەنەسوورە
گوندی قولەرەیسی سەروو
گوندی هوانە
گوندی شێخ وەیساوا
گوندی ئاڵیاوای خواروو
گوندی بەردەکەڕ
گوندی فەرەج ئاوا
گوندی ژاڵەی خواروو
گوندی ژاڵەی سەروو
گوندی ژاڵەی جەزا جاف
گوندی رازیانەی کۆن
گوندی رازیانەی نوێ
گوندی رازیانەی کانی شینکە
گوندی داربەڕووڵە
گوندی سەماوات
گوندی ناوگردان