کیلۆی 90 دینارە لە عەلوە

تەماتەی پێنجوێن کەمیکردووە و پارەش ناکات

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

لەدوای بارانبارین و هاتنی سەرما بۆ قەزای پێنجوێن، بەرهەمی تەماتە بەرێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و لەگەڵ ئەوەشدا پارە ناکات و کیلۆیەک تەماتە بووەتە 90 دینار.

بەهۆی کەم بوونەوەی تەماتە بەشێک لە دوکانی ناو عەلوەکان هەڵگیراون و داخراون بە قسەی خاوەن عەلوەیەک تا ئێستا تەنیا چوار بۆ پێنج قتاع ماوە.

هەرێم بەهادین خاوەن عەلوە لە قەزای پێنجوێن بە 964ـی وت، تا ئێستا تەماتەی پێنجوێن سەرما نەیبردووە، جوتیاران هەر بەرهەم دەچێنن بەڵام کەمیکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پارە ناکاتەوە و تێچووی کرێکار و بارکردن دەرناکاتەوە.

لەبارەی نرخی تەماتەوە هەرێم بەهادین وتی، بە کیلۆ تەماتە ناکڕن بەڵکو بە سندوق تەماتە دەکڕن و بەوەش بۆ هەر کیلۆیەک نزیکی 90 دینار دەکات و ئەگەر تەماتەیەک جوان بێت تا 200 دیناری پێدەدەن.

964 ئەوەی زانیوە هۆکاری دابەزینی نرخی تەماتە دەگەڕێتەوە بۆ هاوردەکردنی لە ئێرانەوە و پێشتر ئەو کەسانەی تەماتەیان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە پێنجوێن دەکڕی ئێستا لە کەلار هی ئێرانی دەکڕن و دەیبەنە پارێزگاکانی دیکە.

پێذاچوونەوە: توانا نەقی