دوو كۆمپانیاى بیانى ههناردهى دهكهن
100 تۆن هەناری زاخۆ بۆ بەریتانیا هەناردە کرا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی هەناردەکردنی 100 تۆن هەناری زاخۆ دەستیپێکرد، کە لە لایەنی دوو کۆمپانیای بیانییەوە دێتە ئەنجامدان.
هەناری زاخۆ بە گشتی و هی گوندی ئەرمشتێ بە تایبەتی، ناوبانگێکی زۆرى هەيە، بە جۆرێک نرخەکەی لە هەموو جۆرێکی دیکە گرانترە و زۆرتر داواکراویشە لای خەڵک، ئەمەش بووەتە هۆکارێک جوتیارانی زاخۆ گرنگییەکی زۆر بە بەرهەمی هەناری ئەو گونده بدەن و لە هەموو بەرهەمێکی دیکە زیاتر بچێندڕێن.
هەنارە نێردراوەکە تەنیا هی گوندی ئەرمشتێ نییە، بەڵکو هەناری شارەبان و مەهداویشى لەگەڵە، ساڵی رابردووش هەناری زاخۆ لەگەڵ هەناری هەڵەبجە بۆ دوبەی رەوانە کرا، بەڵام ئەمساڵ بۆ بەریتانیا هەناردە دەکرێت و پڕۆسەی ناردنی هەنارەکە یەکجاریش نییە، بەڵکو چەند جارێک و بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت.
سەلمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی زاخۆ بە 964 وت، ئەرکی هەناردەکردنی هەنارەکە دوو کۆمپانیای زاخۆ وهەڵەبجە لەئەستويان گرتووە، وتيشى “ئێمە وەک حکومەت هەموو ئاسانکارییەکمان بۆ جوتیاران کردووە و گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی بەردەوام دەبێت و زیاتریش پەرەی پێدەدەین”.
“بیر لەوە دەکەینەوە بەرهەمی ساڵەکانی داهاتوو زیاتر بێت، وەک چۆن ساڵی پار زیاتر لە 50 تۆن هەنار و ئەمساڵ پەتاتە و 100 تۆنی دیکەی هەنارمان رەوانە کرد، لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر بەرهەم دەنێرينە دەرەوە”، سەلمان محەمەد وای وت.
پێشتر بەرهەمی هەنار زیاتر بوو لە پێداویستی خەڵک، بۆیە رێژەی زۆری هەنار لەناو عەلوەکانی میوە دەمانەوە و بۆگەنی دەكردن و دواتر فڕێیان دەدان.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن