خەڵکی دیکەش سوودی لێوەردەگرن
چیک ژوورێکی بۆ چارەسەری پێستی بەرکەوتووانی کیمیاوی کردەوە
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
کونسوڵی چیک لە هەڵەبجە ژوورێکی تایبەتی لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی کردەوە، کە تەواوی کەلوپەلە پزیشکییەکانی بۆ دابینکراوە و تایبەتە بە چارەسەری پێست.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 8.11.2023، کاڕل کۆرتانیک، کونسوڵی چیک لە هەرێم سەردانی هەڵەبجەی کرد، لە مەراسیمێکدا لە نەخۆشخانەی کیمیابارانی هەڵەبجە لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە ژووری تایبەت بە پێستیان کردەوە.
ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەڵەبجە بە 964ی وت: ئەو ئامێرانە کە کونسوڵی چیک بۆ نەخۆشخانەکەی هێناوە، ئامێری پێشکەوتوون و تایبەتن بە پێست و ئەو کەسانەی نەخۆشی پێستیان هەیە دەتوانن سودی لێببین.
ئازاد مستەفا وتیشی، سوودمەندی یەکەم بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوین، کە ئەو پەڵە و جێگایانەی لە جەستەیانەدایە، لادەبرێن و هەروەها هاوڵاتیانی ئاساییش دەتوانن لێی سوودمەند بن، کە جێگەی برین و بالوکە لەسەر جەستەیان بێت دەتوانن لایببەن.
لە کاتی کردنەوەی ژوورە پزیشکیەکەشدا، کاڕل کۆرتانیک کونسوڵی چیک رایگەیاند، “بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان بە پارێزگای هەڵەبجە کە ئەمە دووەمین جارە هاوکارییەکانمان دەگەیەنینە شارەکە”.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر