بەدواداچوونی 964

کرێی تاکسی فڕۆکەخانەکان چوار هێندەی تاکسی ناو شارە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ماوەیەکە نرخی تاکسیەکانی ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بووەتە جێگەی مشتومڕ بەهۆی گرانی نرخەکانیانەوە، هاوڵاتیەک دەڵێت، لە فڕۆکەخانە سەرکەوتووم بۆ گەڕەکی راپەڕین 25 هەزار دیناریان لێسەندووم.

ئالان محەمەد، هاوڵاتی بە 964ـی راگەیاند، لە وڵاتی تورکیا گەڕاوەتەوە، بە یەکێک لەو تاکسیانەی لە بەردەمی تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی سلێمانی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوەیان کە لە گەڕەکی راپەڕینە و دەکەوێتە بەرامبەری فڕۆکەخانە، بڕی 25 هەزار دیناری لێوەرگیراوە.

رێگاکە نزیکەی 10 خولەک بووە، هەڵکەوتەی گەڕەکی راپەڕین و فڕۆکەخانە تەنیا شەقامێکی لە بەیندایە.

سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بە 964ـی وت، کۆمپانیایەک لە رێگەی تەندەرەوە هاتوچۆی گەشتیارانی بۆ دەرچووە و ساڵانە کرێ دەداتە فڕۆکەخانە.

نرخی هاتوچۆی گەشتیاران لەلایەن لیژنەیەکی پەیوەندیدارەوە دیاریکراوە، بە ویستی کۆمپانیاکە نرخەکان دانەنراوە.

لە فڕۆکەخانەدا 32 تاکسی هەن، کۆمەڵێک کەس خاوەندارییەتیان دەکەن، کە ساڵانێکە لەوێن، دەبێت کۆمپانیایەک بێت و تەندەرەکە لە فڕۆکەخانە وەربگرێت، بۆ ئەمساڵ 51 ملیۆن دینار نرخی تەندەرەکە بووە و نزیکەی 70 ملیۆن دینار باج وەرگیراوە لە کۆمپانیاکە.

هۆکاری ئەو نرخە بەرزانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، نیوەی بۆ شۆفێری تاکسییەکەیە و نیوەکەی دیکەی بۆ کۆمپانیاکەیە.

لەسەر ئەم بابەتە فڕۆکەخانەی سلێمانی هیچ لێدوانێکیان نەداوە.

سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە 964ـی وت، “دانانی ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ هاتوچۆی گەشتیاران لەلایەن فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بووە، دوور و نزیک وەک گواستنەوەی سلێمانی ئاگاداری نین”.

لەسەر ئەم بابەتە، نرخی هاتوچۆی گەشتیارانمان وەرگرت لەو کۆمپانیایەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرن، لە کاتژمێر هەشتی بەیانی تا کاتژمێر 12 شەو نرخی گەیاندن لە فڕۆکەخانەوە بۆ سەنتەری شاری هەولێر 25 دۆلارە، لە دوای کاتژمێر 12ـی شەو بۆ کاتژمێر هەشتی بەیانی، نرخی گەیاندن بە 30 دۆلارە، گەر شوێنەکە دوورتر بێت نرخەکە دەگۆڕێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر

لە فڕۆکەخانەی سلێمانی 37 کەس بە بەڵگەنامەی ساختەوە دەست...

لە فڕۆکەخانەی سلێمانی 37 کەس بە بەڵگەنامەی ساختەوە دەستگیر کراون