دەنگە گەورەکەی هەولێر بێدەنگی دروستکردووە

+964 

ژووری هەواڵ

پێنج کاتژمێر زیاتر تێپەڕیوە بەسەر ئەو دەنگە گەورەیەی بەرەبەیان لە هەولێر بیسترا، بەڵام تائێستا هەموو سەرچاوە فەرمییەکان لێی بێدەنگن، گریمانەی بەهێز ئەوەیە هێرشی درۆنی بێت و پوچەڵ کرابێتەوە، بەڵام ئەمەشیان یەکلاکەرەوە نییە.

دوای کاتژمێر 3ی بەرەبەیان لە دەورووبەری فرۆکەخانەی هەولێر چەند دەنگێکی گەورە بیستراوە، زیاد لە سێ کەس لەدوو گۆشەی جیاوازی نزیک فرۆکەخانە ئەم قسەیەیان بۆ 964 کرد -لە عەنکاوە و لە سێبیران- ئەو کەسانە دەڵێن دەنگەکان چەند دانەیەکی بەهێزی یەک لە دوا یەک بووە.

شایەتحاڵێک کە ماڵیان لە نزیک قونسوڵخانەی ئەمریکایە لە هەولێر وتی خۆی گوێی لە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوەی قونسوڵخانە بووە لەو کاتەی دەنگە بەهێزەکە بیستراوە.

هەندێ لە میدیا عێراقییەکان دەڵێن دەنگی خستنە خوارەوەی چەند درۆنێک بووە کە ئاڕاستەی بنکەی سوپای ئەمریکا کراوە لە تەنیشت فڕۆکەخانە -قسەی جیاواز هەیە لەبارەی ژمارەی درۆنەکان-.

964 پەیوەندی بەچەند سەرچاوەیەکی ئەمنی و سەرچاوەکانی ناو فڕۆکەخانەوە کرد، بەڵام هیچ شتێکی لەبارە ناڵێن، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە بەرپرسە لەو راگەیەندراوانەی لەسەر ئەم جۆرە هێرشانە بڵاودەکرێنەوە، تا ساتی نوسینی ئەم هەواڵە هیچ راگەیەندراوو رونکردنەوەیەکی بڵاونەکردووەتەوە.

بە پێچەوانەی جارەکانی پێشوو ئەو گرپەی ناوی لە خۆی ناوە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هیچ باسی هێرشی ئەم بەرەبەیانەیان نەکردووە، تەنیا ئاماژەیان بە چەند هێرشێکی درۆنی کردووە کە گوایە لە کاتژمێر 8ـی دوێنێشەو ئەنجامیان داوە.

لە خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، کاتی نزیک لە دەنگە بیستراوەکە ئەو گەشتانەی کە هەبوون یان دواخراون یان هەڵوەشاونەتەوە، بەڵام دوای ئەوە گەشتەکان ئاسایی بوونەتەوە.

رۆشتن
3:25: هەولێر – ئەستەنبوڵ – رۆیشت
3:45: هەولێر – قاهیرە – دواخرا
4:30: هەولێر – دۆحە – هەڵوەشایەوە
5:05: هەولێر – ئەستەنبوڵ – رۆیشت

هاتن
3:05: ئەستەنبوڵ – هەولێر – گەیشت
3:25: دۆحە – هەولێر – هەڵوەشایەوە
5:10: بەغدا – هەولێر – گەیشت