تەندروستی هەرێم: لە کۆی 100 هەزار کەس 151یان تووشبووی شێرپەنجەن
964+
ژووری هەواڵ
لە کۆی 100 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان، 151 کەسیان تووشبووی شێرپەنجەن، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، دۆخی شێرپەنجە لە هەرێم بەراورد بە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی باشترە.
ئەمڕۆ دووشەممە 6.11.2023، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان لە 100 هەزار کەس، 151 یان تووشبووی شێرپەنجەن، تێکڕای خەرجیی چارەسەرکردنی هەر نەخۆشێکیش، بەلانی کەمەوە نزیکەی 180 هەزار بۆ 200 هەزار دۆلارە.
لە بارەی رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە، سامان بەرزنجی وتی، لە ئاستی ستانداردی نیودەوڵەتیدا، لە کۆی 100 هەزار کەس لە جیهاندا 190 کەسیان تووشی شێرپەنجە دەبن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو رێژەیە کەمترە.
نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شێرپەنجە لە سۆران دەکرێتەوە
بە وتەی سامان بەرزنجی، لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی و هەولێر، رۆژانە نزیکەی 200 نەخۆش و توشبووی شێرپەنجە چارەسەر وەردەگرن.
”سەرجەم چارەسەرە کیمیایی و دەرمانییەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بێ بەرامبەرە و تێکڕای خەرجیی چارەسەرکردنی هەر نەخۆشێک، بەلانی کەمەوە نزیکەی 180 هەزار بۆ 200 هەزار دۆلارە”، سامان بەرزنجی وای وت.