لە خوێندن دابڕاوە

مەلەک لەگەڵ باوکی رۆژانە خەریکی قوتوو کۆکردنەوەن

ئەحمد شەمزین – هەولێر

مەلەک و باوکی رۆژانە خەریکی قوتوو کۆکردنەوەن، باوکی مەلەک خاوەنی شەش منداڵە و کرێچین بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو کارەیە.

مەلەک ناچێتە قوتابخانە و باوکی دەڵێت، ئەگەر بچێتە قوتابخانە ئەوا خەرجی مانگانەی 200 هەزارە توانای ئەوەی نییە و سێ لە منداڵەکانی لە قوتابخانە دەرکردووە.

ئەوان رۆژانە لە کاتژمێر 4:00ـی عەسر لە ماڵ دەردەچن و تا کاتژمێر 10:00ـی شەو گەڕەک و شەقامەکان دەگەڕێن و وایەر و قوتوو ئاسن کۆدەکەنەوە.

محەمەد سەدرەدین تەمەنی 44 ساڵە و ماڵی لە دارەتووی نوێیە، کرێچییە و پێشتر ئاسنگەر بووە و دوای ئەوەی لە کاتی کارکردن دەکەوێت و بریندا دەبێت توانای ئەو کارەی نامێنێت و ئێستا رۆژانە ئەگەر 600 قوتووش کۆکاتەوە ئینجا شەش هەزار دیناری دەستدەکەوێت.

مەلەک دەڵێت، “حەزدەکەم بچمەوە قوتابخانە، بەڵام لەبەر یارمەتیدانی باوکم ناتوانم”.