لە کوردستانیش هەن

دراگۆن فڵای یان تەیارۆکە چییە؟

964+
ئەحمەد مستەفا

دراگۆن فڵای یان تەیارۆکە، مێروویەکی گەورەی رەنگاوڕەنگ و فڕیون، کە بە  زۆری لە نزیک ئاوی شیرین و کانی و گۆمەکان دەبینرێن، زۆربەی سووڕی ژیانی لە ژێر ئاودا بەسەر دەبات، نزیکەی سێ هەزار جۆری هەیە، کە بەشێکیان لە کوردستان هەن.

ئاوی پاک پێداویستییەکی بنەڕەتییە بۆیان هەر بۆیە ئەوان نیشاندەری ژینگەیەکی باش و تەندروستن، رۆژانە لە زۆرێک لە چەم و کانیاوەکان و نزیک لە جوتیارەکانی کوردستان دەبینرێن، بەهۆی ئەوەی مێرووی گەورە ساڵ توانای فڕینی هەیە، دەتوانێت لە دوورییەکی زۆر ئاو بدۆزرێتەوە، بەڵام هەموویان پێویستیان بە ئاو هەیە بۆ تەواوکردنی سووڕی ژیانیان، مێرووی دراگۆنی پێگەیشتوو سێ بەشی جیاوازی هەیە، سەر، سنگ و سک.

بە گوێرەی توێژینەوەی ژمارەیەک خوێندکار بێت لە بەشی کشتوکاڵە داپۆشراوەکان لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی، کە بۆ 964 نێردراوە، ئەم جۆرە مێرووە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە سووڕی ژیانیاندا سێ قۆناغیان هەیە (هێلکە، کرمۆکە و گەورەساڵان)، پێگەیشتووەکان سکی درێژ و باریک و دوو جووت باڵ و سێ جووت قاچیان هەیە، هەروەها چاوی گەورەیان هەیە، سووڕی ژیانی بە گۆڕاو ناسراوە، بە واتای “گۆڕینی پێکهاتە یان فۆڕم”.

قۆناغەکانی بەم جۆرە پۆلێن کراوە:

قۆناغی هێلکە: دراگۆن ژیانی خۆی لەناو ئاو یان لە نزیک ئاو لە شێوەی هێلکەدا دەستپێدەکات، دوای جووتبوون لە نێوان نێر و مێی دراگۆن، مێینە هێلکەکانی لە شوێنێکی وەستاودا دادەنێت؛ لە ئاوی هێمن یان گۆمێکدا، هێلکەکان یەک بۆ پێنج هەفتەی دەوێت تا هەڵدێن.

قۆناغی کرمۆکە: پاش هەڵهاتنی هێلکەکان دەبنە کرمۆکە، زۆربەی ژیانیان وەک کرمۆکە لە ژێر ئاودا بەسەر دەبەن، دەتوانن بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ژێر ئاودا بژین و ئەمەش بە درێژترین قۆناغ دادەنرێت لە سووڕی ژیانی مێشوولە دوای هێلکەدان، کرمۆکە شەش قاچی بچووکی هەیە و لەم قۆناغەدا لە رێگای ریشوەکانی هەناسە دەدات

قۆناغی مێرووی گەورە ساڵ: کاتێک کرمۆکە دەگاتە قۆناغی کۆتایی کرمۆکە دەگۆڕێت، دێتە لێواری ئاوەکە و بۆ یەکەمجار فێری هەناسەدانی هەوا دەبێت، کرمۆکە هێواش هێواش لە جەستەی توێکڵی نوێی خۆیان لە جەستەی توێکڵی کۆنەکەیانەوە پاڵ دەنێتە دەرەوە بۆ ئەوەی وەک مێروویەکی گەورەساڵ دەربکەوێت.