جوتیاران روویان له‌ چاندنى برنج كردووه‌

چاڵاخ له‌وه‌ته‌ى بووه‌ته‌ گوند برنجی تێدا ده‌چێندرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ گوندى چاڵاخ برنج دروێنه‌ كراوه‌، ساڵانه‌ نزیكه‌ى 200 دۆنم زه‌وى به‌ برنج ده‌چێندرێت و جوتیارێكیش ده‌ڵێت، له‌ه ه‌ر دۆنمێك زیاتر له‌ یه‌ك تۆن برنجیان ده‌ستده‌كه‌وێت.

گوندى چاڵاخ 55 ماڵه‌، سه‌ر ناحیه‌ى پیره‌مه‌گروونه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ نێوان پیره‌مه‌گروون و سوورداش‌، سه‌رچاوه‌ى ئاوى تابین یه‌كێكه‌ له‌و سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییانه‌ى كه‌ جوتیاران بۆ كشتوكاڵكردن به‌ تایبه‌تیش چاندنى برنج پشتى پێده‌به‌ستن.

به‌ قسه‌ى فه‌ره‌یدون كه‌ریم، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ جوتیارانى ئه‌م گونده‌، له‌وه‌ته‌ى گونده‌كه‌یان ئاوه‌دانه‌ برنجیش چێندراوه‌، چونكه‌ ده‌ڵێت، كه‌شوهه‌وا و سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌كه‌یان گونجاوه‌ بۆ به‌رهه‌مى برنج.

له‌و گونده‌ 70 جوتیار به‌ فه‌رمى ناویان تۆمار كراوه‌ و ساڵانه‌ برنج ده‌چێنن، بۆ هه‌ر جوتیارێكیش 23 دۆنم زه‌وى ته‌رخانكراوه‌ بۆ چاندنی برنج، به‌ گشتیش زیاتر له‌ سێ هه‌زار دۆنم زه‌وى له‌ سنوورى گوندى چاڵاخ ساڵانه‌ به‌ به‌روبومی كشتوكاڵى جیاجیا له‌لایه‌ن جوتیاران و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌چێندرێت.

ئه‌مساڵ، فه‌ره‌یدون كه‌ریم ته‌نیا پێنج دۆنم برنجی چاندووه‌ و دروێنه‌شی كردووه‌، به‌ 964ـى وت، برنجه‌كه‌یان ته‌واو كوردییه‌ و سێ جۆر ده‌چێنن، سوور، زه‌رد و شێ، له‌هه‌ر دۆنمێك یه‌ك تۆن و 250 كیلۆگرام به‌رهه‌می برنجیان ده‌ستده‌كه‌وێت.

ده‌شڵێت “برنجه‌كه‌مان له‌ بۆن و تام و ره‌نگ زۆرباشه‌ و یه‌ك كیلۆ برنج به‌ نزیكه‌ى شه‌ش هه‌زار دینار و به‌ چه‌ڵتووكیش به‌ سێ هه‌زار و 500 دینار ده‌فرۆشین”.

ئه‌م جوتیاره‌ گله‌یی له‌ كۆمپانیایه‌ك ده‌كات، كه‌ ناوى برنجی گونده‌كه‌یان بۆ خۆى به‌كارده‌هێنێت، بێ ئه‌وه‌ى ئه‌و برنجه‌ى كه‌ ده‌یفرۆشێت برنجه‌كه‌ى ئه‌وان بێت.

جگه‌ له‌و برنجه‌ى چاڵاخ، له‌ ئاكرێ و خانه‌قینیش، ساڵانه‌ له‌ چه‌ند كاتێكی جیاواز به‌ شه‌ش مانگى و سێ مانگى برنجى كوردى ده‌چێندرێت، به‌ چه‌ند قۆناغێكى به‌رهه‌مهێناندا تێده‌په‌ڕێت، له‌وانه‌ش مه‌ره‌زه‌ و چه‌ڵتووك و برنج و به‌ بۆن و تامه‌ تایبه‌ته‌كه‌ى به‌ناوبانگه‌.