ئاسانکاریەکان چین؟
دوو شەممە کەریم بنزیما لە هەولێرە و ئامادەکاری تەواو کراوە
964+
فەهمی نەبی
پارێزگای هەولێر کۆبونەوەیەکی کردووە وەک ئامادەکاری بۆ یاریەکەی نێوان قوەجەویە و ئیتیحادی سعودی رۆژی دووشەممە کە لەیاریگای فرەنسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت و بڕیارە ئەستێرەی جیهانی کەریم بنزیما وەک یاریزانی ئیتیحادی سعودی لە یاریەکە ئامادەبێت و بەهۆیەوە قەرەباڵغیەکی زۆر دروست بێت.
کۆبونەوەکە ئەمڕۆ هەینی بووە لەنێوان هەریەکە لە بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لەهەرێم، بەرپرسانی ئەمنی و تەندروستی، بەرگری شارستانی و نوێنەری هەردوو یانە.
سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش بۆ 964 وتی، “کۆبونەوەکە بۆ ئەوە بووە چۆن بەشێوەیەکی رێک یاریەکە بەڕێوەبچێت، باس لەوەکرا بەشێوەی پڕۆتۆکۆڵ پێشوازی لە هەردوو یانە بکرێت”.
ئەوەشی وت، “بەهۆی ئەوەی یاریەکە ئەستێرەی جیهانی وەک کەریم بنزیمای تێدا دەبێت بێ گومان قەرەباڵغیەکی زۆر دروست دەبێت”.
بەوتەی سەردار ئیسماعیل، پارێزگاری هەولێر هەوڵیداوە وەک ئاسانکاری کرێی ڤیزای لەسەر هەموو ئەو بیانیانە هەڵبگیرێت کە بۆ یارییەکە دێن، جگەلەوەی لە بازگەکان ئاسانکاری بۆ ئەو هاندرەرانە بکرێت کە دەیانەوێت بەشداری یاریەکە بن.
ئەم یارییە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیایە لە کۆمەڵەی سێیەم هەریەکە لە یانەکانی قوەجەویەی عێراقی و ئیتیحادی سعودی و سپاهانی ئەسفەهانی و ئەجمەکی ئۆزبەکستانی رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.