لەناو دوو کەشتی بوون
وڵاتی چین دۆزینەوەی سەدان پارچە شوێنەواری لە قوڵایی دەریا راگەیاند
964+
ژووری هەواڵ
کونسوڵخانەی چین لە هەولێر رایگەیاند، وڵاتەکەیان چەندین پارچەی شوێنەواری گرنگیان لە قوڵایی 1500 مەتری ژێر دەریا لە دوو کەشتی نوقمبوو دۆزیوەتەوە.
لاپەڕەی فەرمی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسووک بڵاویکردووەتەوە، دوو کەشتی نوقمبوو کە هی سەردەمی شانشینی مینگ بووە دۆزراونەتەوە و 580 پارچە شوێنەواری کلتوری لەناو کەشتیەکە بووە.
شانشینی مینگ لەساڵی 1368 بۆ 1644 حوکومڕانی چینیان کردووە، بەدواین شانشینی چینی دادەنرێن و لەلایەن گەلی هانەوە دەسەڵاتی ئەو شانشینە بەڕێوەدەبرا.
ئەو دوو کەشتیەی لە قوڵایی 1500 مەتر دۆزراونەتەوە بەسەدان فەخفوری و گوڵدانی شوشەیان هەڵگرتبوو، سەدان ساڵ لەژێر دەریا ماونەتەوە و ئێستاش کەلوپەلەکان رەونەق و رەنگیان وەک خۆیەتی.
کونسوڵخانەی چین دەڵێت، “ئەم دۆزینەوەیە تێڕوانینێکی گرنگ دەداتە ئاڵوگۆڕە مێژووییەکانی رێگای ئاوریشم”.
رێگای ئاوریشم بەکۆنترین رێگای بازرگانی دادەنرێت، کە مێژووەکەی بۆ دوو سەدە بەر لە زاین دەگەڕێتەوە، لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی هان لە چین دروستکراوە.