سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

یەکەم رۆژی فێستیڤاڵی هەنار 70 هەزار کەسی تێپەڕاند

964+
ئەحمەد مستەفا

لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە، 70 هەزار و 200 کەس سەردانیان کردوون، جگە لە خەڵکی خانەخوێی پارێزگاکە ژمارەیەکیان گەشتیاری ناوخۆ و دەرەوە بوون.

ئه‌مڕۆ پێنج شەممە 2.11.2023 نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە ده‌ستپێكرد، ماوه‌ی سێ رۆژ دەخایەنێت، بە گوێرەی ئەو ئامارەی 964 لە زاری بەرپرسانی گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە پێی دراوە، تەنیا لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، 70 هەزار و 200 کەس کە بەشێکیان خەڵکی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکوک بوون، یان کوردانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.

بۆ داتاکردنی ئامارەکەی، گەشتوگوزاری شارەکە لە دەرەوەی فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە و هەردوو بازگەی زەمەقی و دەرەشیش تیمی داناوە.

فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە ساڵانە لە مانگی 11 لە پارکی شاری یاریی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، گەشتوگوزاری شارەکەش چاوی لەوەیە ئەمساڵ ریکۆردێکی نوێ تۆمار بکات، پێشتر چیا قاسم، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری هه‌ڵه‌بجه‌ بە 964ی وت، “ئه‌وه‌ی دڵ پێی خۆشه‌ و نه‌فس حه‌زی لێیه‌تی، له‌ فێستیڤاڵی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت”.

هەڵەبجە خۆی لە هەنار گرتووە شارەوانی سلێمانی ریکۆرد دە...

هەڵەبجە خۆی لە هەنار گرتووە شارەوانی سلێمانی ریکۆرد دەشکێنێت

بەپێی ئاماری تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە تەنیا لە ساڵی رابردوودا لە هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە، 250 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە و فرۆشیش تێیدا 950 ملیۆن دینار بووە، 750 خاوەن بەرهەم لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بوون، 487 خاوەن بەرهەمیان ژن بوون.

نوخشه‌ ناسیح قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ 964ی وت، ” بۆ نۆیەمین فێستیڤاڵ ده‌رفه‌تی به‌شداریكردنیان بۆ هه‌موو جوتیارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌ری ره‌خساندووه‌ تا به‌شداریی کارا بكه‌ن و به‌رهه‌مه‌كانیان نمایش بكه‌ن بۆ ئەو گەشتیارانەی روو لە پارێزگاکە دەکەن”.

لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە هەنار، هەنگوین، توو، سرکە و میوە و دەیان جۆرە بابەتی دیکە نمایشکراون، بەوتەی ئەو بێت، “لیژنه‌ ته‌ندروستییه‌كان و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌ت له‌ رۆژانی فێستیڤاڵ ئاماده‌ ده‌بن و چاودێریی به‌رهه‌مه‌كان و كه‌شی فێستیڤاڵه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئاسانكاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن”.