پاش یەک رۆژ لە دەستپێکردنی
کارەکانی قیرتاوکردنی رێگای باشماخ وەستا
+964
کامیار کەمال – پێنجوێن
کارکردن لە رێگای خێرای باشماخدا رۆژی چوارشەممە دەستیپێکرد و بڕیاربوو ئەو بەشەی رێگاکە، کە ماوەتەوە و قیرتاو نەکرابوو، تەواو بکرێت، بەڵام دوای یەک رۆژ کارکردن تێیدا وەستا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.11.2023 لەو بارەیەوە دلێر شوانی بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکار بە 964ی رایگەیاند، بەهۆی بوونی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە ئامێری قیرەکەدا کارکردن راوەستاوە لە رێگاکەدا و رۆژی شەممە دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە.
ئەو لە بارەی پڕۆژەکەوە ئەوەی خستەڕوو، تەواوی پڕۆژەکە کە 10 کیلۆمەترە، تەنیا پێویستی بە دوو مانگە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و خەرجنەکردنی پارە لەلایەن حکومەتەوە، پڕۆژەکە پێنج هێندە و نیو زیاتری لە کاتی خۆی خایاندووە و ئێستاش بە هەوڵی محەمەد تاهیر بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ کارەکان دەستیان پێکردووەتەوە، ئەگەرنا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە.
لە بارەی پڕۆژەکەوە
رۆژی 16.2.2014 رێکەوتی دەستپێکردنی پڕۆژەی خێرای رێگای باشماخ بووە و ماوەی پڕۆژەکە 611 رۆژ بووە و ئێستاش سێ هەزار و 514 رۆژ بەسەر پڕۆژەکەدا تێپەڕیوە و ئێستا ئەو بەشەی کەماوەتەوە، ئینتەرچەینجێک و 210 مەتر رێگایە، کە تەنیا قیری رووپۆش ماوە تا کارەکانی تەواو ببێت.
پڕۆژەکە لە %80ی جێبەجێکراوە و %20ی ماوە و یەکێک لە کێشەکانی دیکەش ئەوەیە پێش تەواوبوونی، بارهەڵگری بەسەردا دەڕوات و ئەوەش کێشە بۆ رێگاکە دروست دەکات.
لە بارەی بودجەی پڕۆژەکەوە دلێر شوانی وتی ” بودجەی پڕۆژەکە بە پێی گرێبەست 32 ملیار دینارە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا