لە گەرمیان

1500 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دروست دەکرێت

میلاد جەلال – گەرمیان

سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان دەڵێت، بڕیارە لەلایەن وەبەرھێنه‌رێکەوە 1500 یەکەی نیشتەجێبوون بەشێوەی شوقە بۆ کرێنشینانی گەرمیان دروست بکرێت.

یەکەکان پێکھاتوون لە شوقەی سێ نھۆمی، کە 900 یەکەی لە قەزای کەلار دەبێت و 340 لە قەزای کفری و 260 یەکەش لە ناحیەی رزگاری دەبێت.

سەیوان کەریم سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی گەرمیان بە 964ى وت، کۆمپانیایەک ھاتۆتە پێشەوە کە یەکەکان بە کوالێتیەکی باش و نرخی ھەرزان دروست بکات، بەڵام تا ئێستا لەسەر شێوازی یەکەکان رێکنەکەوتوون.

وتیشی “بڕیارە شوقەکان سێ نھۆم بێت، ئەوان پێشنیاریان کردوە بکرێت بە شەش بۆ ھەشت نھۆمی، بەڵام تائێستا جێگیر نەکراوە و ئەگەری گۆڕانکاری ھەیە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، خزمەتگوزارییەکانی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانە لە ناو پرۆژەکه‌ دروست ناکرێن، بۆ ئەوەی لەرووی نرخەوە کەمتر بکەوێت لەسەر کرێنشینان، چونکە ده‌ڵێت “ئەو شوێنانەی دانراوە، پرۆژەی دیكه‌ی نیشتەجێبوونی لێوە نزیکە، دەتوانن سود لە خزمه‌تگوزارییه‌كانى ئه‌و پرۆژانە وەربگرن”.

لە بارەی نرخ و شێوازی قیستی شوقەکان، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا نرخەکان و رووبەری یەکەکان دیارینەکراوە، چاوەڕێی قبوڵکردنی سایت پلانی پرۆژەکەی.

بە پێی ئاماری کۆمەڵەی کرێنشینانی گەرمیان، نزیکەی پێنج ھەزار کرێنشین لە سنوورەکەدا ھەیە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن