پیكاسۆكەی دهۆك دەناسیت؟
+964
هێڤی دێوالی- دهۆك
لە دهۆك گەنجێك تابلۆی سەرنجڕاكێش دەكێشێت و بەنرخی گرانبەها دەیانفرۆشێت.
هەكار مستەفا سەلیم، گەنجێكی شاری دهۆكەو شانۆكارە، زیاتر لە 15ساڵە كاری وێنەكێشان دەكات و تابلۆی سەرنجڕاكێش دروستدەكات و بەنرخی جیاواز لە بازاڕەكانی دهۆكدا دەیفرۆشێت.
مانگی پێشوو لەگەڵ هاوڕێكانی گەلەریەكی تایبەتی بە وێنەكانی كردەوە، پێشوازیەكی زۆر گەرمی لێكرا لە لایەن هاوڵاتیانەوە.
هەكار مستەفا سەلیم، قسە بۆ +964 دەكات و دەڵێ؛ وێنەكێشانم زۆر خۆشدەوێت، دەمەوێت لە كارەكەم بەردەوام بم، گرنگ نییە تابلۆكان چەند دەكەن بۆ من گرنگ ئەوەیە هاوڵاتیان كە سەیری تابلۆكان دەكەن چێژی لێوەرگرن.
بۆ دروستكردنی تابلۆكان رەنگی جیاواز بەكاردەهێنێت، هاوڵاتیان داوای لێدەكەن لەسەر دار و شوشە و كاعەز وێنەی جیاوازیان بۆ بكێشێت
نرخی تابلۆكانی هەکار، لەنێوان 100 دۆلار تاوەکو سێ هەزار دۆلارە، هەفتەی رابردوو وەک خۆی دەڵێ؛ تابلۆیەكی بە چوار هەزار دۆلار فرۆشتووە بەیەكێك لە میوانخانەكانی دهۆك.
هەکار مستەفا سەلیم، تا ئێستا نۆ پێشەنگای هاوبەش و چوار پێشەنگای تایبەتی بۆ كارەكانی كردووەتەوە.
لە سۆشیاڵ میدیاش بینەرێكی زۆری هەیە تائێستا حەوت ملیۆن كەس بینەری وێنە و تابلۆ جیاوازەكانی بوونە.