زانکۆ دەڵێت جێگەیان نەماوە

وەرگیراوانی خوێندنی ماستەر لەکەلار گردبوونەوە

میلاد جەلال – گەرمیان

وەرگیراوانی خوێندنی ماستەر لە گەرمیان لە بەردەم سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان گردبوونەوە، دەڵێن ھەمو رێکارەکانی مامەڵەی وەرگرتنمان تەواو کردووە ئێستا پێمان دەڵێن ناتوانین ئەمساڵ خوێندکار وەرگرین. سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێت، ئەو پلانەی ئێمە ھەمانبووە بۆ وەرگرتنی خوێندکار لەوە زیاتر وەرگیراوە و لەتواناماندا نییە.

وەرگیراوانی خوێندنی ماستەر ژمارەیان 41 کەسە، لە بەشە جیاوازەکان وەرگیراون.

وشیار نازم نوێنەری وەرگیراوانی خوێندنی ماستەر لە زانکۆی گەرمیان بە 964ـی وت، ئەوان مۆڵەتی خوێندنیان وەرگرتووە و پارەی رسوماتی مامەڵەی وەرگرتنیان بە بڕی 200 ھەزار لێوەرگیراوە، کەچی لە 18.10.2023 ئەنجومەنی زانکۆ پێمان دەڵێن ئەمساڵ ناتوانین خوێندنی ماستەر بکەینەوە.

سەرۆکی زانکۆی گەرمیان دەڵێت، کێشەی داراییمان ھەیە و ناتوانین بۆ ئەمساڵ خوێندنی ماستەر بکەینەوە.

فەرھاد قادر سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە 964ـی وت، “ئێمە پلانی وەرگرتنی 41 خوێندکاری ماستەرمان ھەبووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی وەزارەت چەندجارێک رێکارەکانی وەرگرتنی خوێدنکاری ماستەری ھەموار کردەوە رێژەکە بەرزبووەوە بۆ 103 خوێندکار، ئەوەش لە توانای ئەواندا نییە لە رووی مامۆستا و داراییشەوە.

وتیشی، لەبەر ئەو ھۆکارانە بڕیارمانداوە خوێندنی ماستەر بخەینە ساڵی داھاتوو، بەڵام دبلۆمی باڵا و دکتۆرا گرفتیان نییە و ئەمساڵ دەخوێنن.

سەرۆکی زانکۆ دەشڵێت، وەرگرتنی ئەو خوێندکارانە بۆ ساڵی داھاتوو مسۆگەرە و ساڵی داھاتوو دەست بەخوێندنی خۆیان دەکەنەوە، ئەو پارەیەشی وەک رسومات لێیان وەرگیراوە نافەوتێت و ساڵی داھاتوو پارەی ئەو رسوماتە نادەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی