زیاتر لە 20 کاتژمێرە دەسووتێت
ئاگرەكەی هەولێر پێناچێت وا زوو كۆنترۆل بكرێت
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئاگرەكەی گوندی منارە لە ناحیەی شەمامک، تا ئێستا بەردەوامە، لە كاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانەوە تا ئێستا نەکوژاوەتەوە، تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی كۆنترۆلكردنیدان.
توانا عەلی، كوڕی خاوەن كارگە و كۆگاكەیە، ئەو بە 964ـی وت، هەموو برا و مامەكانم بژێوی ژیانمان لەسەر ئەم كارگەیەیە و رەنج و ماندووبوونی باوكم لە پێش چاومان دەسووتێ.
سەرەتا ئاگرەكە بچووك بوو پاشان تەشەنەی كرد و لە كۆنترۆل دەرچوو، نیوەرۆ ئاگرەكە كوژایەوە و پاشان لەژێرەوە تینی تیا مابوو و دووبارە ئاگری گرتووە.
مادەكانی ناو كارگەكە پێکهاتوون لە (وێنجە، كەپەک، كا، جۆ، گەنم و عەلەف) بڕیار بوو ئەو ئالیك و كەلوپەلانە بنێردرێن بۆ ئیسپانیا، كوڕی خاوەن كارگە دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستەش برایەكم بە ناوی حوسێن عەلی ئێستا لە مەدریدە.
رائید هێمن عەلی، بەڕێوەبەری بنكەی شارستانیی دیبەگە خۆی سەرپەرشتی ئەو تیمە دەکات، كە بۆ چاودێریكردنی ئاگرەكە هاتبوون بۆ شوێنی رووداوەكە، ئەو بە 964ـی راگەیاند، “تا بەیانی لە شوێنی ئاگرەكە دەبین، توانیمان سنوور دابنێین بۆ ئەوەی ئاگرەكە نەپەرێتەوە بۆ كارگەكەی تەنیشتی كە پڕیەتی لە نەوت و گاز، ئێستا كۆنتڕۆلكردنیشی قورسە، تەنیا دەبێ نەهێلین بینای كارگەكە بڕوخێ”.
كارگە و كۆگای عەلی تایر، خاوەنی مۆڵەتی ژمارە یەكە لە بواری سەوزەی وشككراوە، لەسەر رێگای سەرەكی هەولێر – مەخمورە، بەرەبەیانی دووشەممە ئاگری گرتووە تا ئێستا زیاتر لە 20 سەعاتە دەسووتێ.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر