“عێراق بە قسەی ئەمریکا نەکات ئابوورییەکەی تێكدەشکێت “

964+
توانا نەقی – هەولێر

نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی بەردەوام روو لە بەرزبوونەوە دەکات، ئەمریکاش هەڕەشە لە ئابووری عێراق دەکات.

ئەحمەدی حاجی رەشید، بڕیاردەری پێشوی لیژنەی دارایی له‌ پەرلەمانی عێراق بە 964+ی وت، ئەمەریکا دەستوەردان لە پارە و کاشی هەموو دنیا دەکات، لە نێویشیاندا بانکی ناوەندیی عێراق، دەشتوانێت نە‌هێڵێت دۆلار شەحنی عێراق بكرێت.

روونیشیکردەوە، لە رێگەی سیستمی سوێفتی جیهانییەوە، ریزاڵت بانکی ئەمریکی ئاگاداری تەنانەت یەک دۆلاریشە لە بانکێکەوە بچێت بۆ بانکێکی دیكه‌، بۆیە بەوەی زانیووە عێراق بە قاچاخ پارەی ناردووەتە دەره‌وە و بە تایبەت بۆ ئێران.

964+ دەزانێت، 77 بانکی عێراق لە سیستمی سوێفتی جیهانیدان ریزاڵت بانکی ئەمەریکیش لەو رێگەیەوە ئاگاداری تەواوی ئاڵوگۆڕی دراوی نێوان عێراق و وڵاتانی دیكه‌یه‌.

ئەحمەدی حاجی رەشید وتیشی، “دەبێت حکومەتی عێراق گوێ لە پێشنیارەکانی ریزاڵت بانکی ئەمریکی بگرێت، ئەگەرنا پارە و ئابووریی عێراق تێکدەشکێنێت”.

لەسەر هۆکارەکانی دیكه‌ی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و ئەو داواکارییانەی ئەمریکا لە عێراقی هەیە و دەبێت جێبەجێی بکات، لە بەرامبەردا ئابووریی عێراق سەلامەت دەبێت.

تا عێراق نەیه‌تە ژێرباری داواکارییەکانی ئەمەریکا، نرخی دۆلار دانابەزێت

کامەران قادر، کە دکتۆرای لە دراودا، لە رێگەی تۆڕی واتساپەوە بە 964+ی وت، ئەم بەرزبوونەوەیە پەیوەندیی بە بانکی مەرکەزییەوە نییە، بەڵکو رەهەندێکی ئیداری و سیاسی هەیە، بەوەی تا عێراق نەیه‌تە ژێرباری داواکارییەکانی ئەمەریکا، نرخی دۆلار دانابەزێت.

كامه‌ران قادر، كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌شداریی له‌ كۆنفرانسێكی ئابووریی عێراق له‌ له‌نده‌ن كردووه‌، روونیکردەوە، عێراق قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئێران زۆر فراوانە، ئەمەریکاش بەوە رازی نابێت ئەو پارە زۆرە لەو رێگەیەوە بچێتە ئێران، یان هیچ نەبێت مامەڵەی کڕینی غاز و کارەبا کەم بکاتەوە لەگەڵ ئێراندا، لەبەرامبەردا لەگەڵ سعودیە و ئەردەن ئەو مامەڵەیە بکات.

سەبارەت بەوەی ئەمریکا چۆن و لە رێگەی چییەوە فشار لە عێراق دەکات، کامەران قادر وتی، پارەی فرۆشی نەوتی عێراق لە بانکێکی ئەمریکادایە، لە هەمان کاتدا عێراق تا ئێستا قەرزاری 19 وڵاتە، “ئەگەر بێت و رازیی نەبێت بەو داوایانەی ئەمریکا، ئەوا ئەو پارانەی عێراق بلۆک دەکرێن و رێگە بەو وڵاتانەش دەدرێت قەرزەکانیان له‌ عێراق وه‌ربگرنه‌وه‌ .

پارەی فرۆشی نەوتی عێراق لە بانکێکی ئەمریکادایە، لە هەمان کاتدا عێراق تا ئێستا قەرزاری 19 وڵاتە

“دەبێت عێراق بە داواکارییەکانی ئەمریکا رازی بێت، بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی سەلامەت بێت و چیتر بەهای دینار لەوە زیاتر دانەبەزێ”، کامەران قادر وادەڵێت.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، ئەمڕۆ بەرزترین ئاستی تۆمار کرد، كاتێك 100 دۆلار گەیشتە 156 هەزار دینار، لە ماوەی 15 ساڵی رابروودا یەکەمجارە بەو شێوازە نرخی دۆلار له‌ عێراق بەرزبێتەوە.