ژنەکان ماڵەکان رووناک دەکەنەوە
ئەوان 60 خانمن محاویلەکانی سلێمانی چاک دەکەنەوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
شەست خانمن پێکەوە، ساڵانێکی زۆرە دەست و پەنجەیان لەگەڵ کارێک نەرمکردووە کە کەم کەس دەزانێ کاری ئەمانە، هەر محاویلەیەکی کارەبا لە سلێمانی خراپ ببێت، ئەمان لە وەرشەکەی سلێمانی فریاگوزاری بۆ دەکەن و چاکی دەکەنەوە.
نەخشین، زۆر دەمێکە لەم وەرشەیەیە، لە 28 ساڵی رابردوودا محاویلەیەکی شکاوو شەکەت نەماوە بەبێ ئەم ژیانی کرابێتەوە بەبەردا.
هەر لە پێنجوێنەوە هەتا چەمچەماڵ هەرچی محاویلەیەکی کارەبا تێک بچێت، تەنیا مەنزڵی ئەم وەرشەیەیە، ساڵ نییە سەروو حەوت سەد محاویلە لێرە چاک نەکرێنەوە، هەموو ئەم کارەش نەخشین و 59 دەستەخوشکی و 15 پیاو دەیکەن.
ئەم چەند مانگەی بەردەممان کارمەندانی وەرشەکە وەک دەڵێن ناتوانن سەری خۆیان بخورێنن، چونکە لە مانگی تشرینی یەکەم هەتا ئایار بە هۆی لۆدی کارەباوە محاویلە زۆر تێکدەچن و دەسوتێن، ئیتر دەبێ نەخشین و عامر و هاوڕێکانیان شەوو رۆژی بۆ بخەنە سەر یەک.