شەوان دێتە هەشت پلە

پێنجوێنیەکان قەمسەڵەیان لەبەر کرد

964+
کامیار کەمال – پێنجوێن

بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە لە قەزای پێنجوێن، هاوڵاتیانی قەزاکە دەستیان بە لەبەرکردنی قەمسەڵە کرد، بە تایبەت ئێواران و شەوان ئیتر بەبێ پۆشاکی گەرم مەحاڵە لە دەرەوە تا ماوەیەکی زۆر بتوانی بمێنیتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 24.10.2023، هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن لە کاتی هاتنە دەرەوەیان بە قەمسەڵەوە بینران، ئەگەرچی چەند رۆژێک کەشوهەوای قەزاکە گۆرانی بەسەردا هاتووە، بەگوێرەی ئاماری کەشناسی پێنجوێن بێت، شەوانە پلەی گەرمای قەزاکە لە دوای کاتژمێر 8:00ی شەوەوە بۆ 11 پلەی سیلیزی دادەبەزێت و لە کاتەکانی دوای نیوەشەو بۆ خوار هەشت پلەی سیلیزی دادەبەزێت.

ئاسۆ غەفوور، دانیشتوویەکی قەزای پێنجوێنە ئەو بە 964ی وت، شەوانە گەرمکەرەوە لە ماڵەوە بەکارئەهێنن و چەند رۆژێکیشە لە کاتی هاتنە دەرەوە لە ماڵەوە قەمسەڵە لە بەردەکەن و توانای مانەوەی زۆریان نیە بەبێ پۆشاکی گەرم لە دەرەوە.

پێنجوێن بەستنی پێوەری زیرەک رەتدەکاتەوە

پێنجوێن بەستنی پێوەری زیرەک رەتدەکاتەوە

هەروەها، هێمن جەمال خاوەنی چایخانەیە لە قەزای پێنجوێن ئەو بە 964ی وت، ئیتر ئێستا هەست بەوە دەکەین، مشتەرییەکانمان بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە حەز بە چا دەکەن و ئێستا زیاتر لە پێشتر چا لە شەواندا دەفرۆشین.

ئەو فرۆشیارە ئەزموونی زۆری لە قەزاکەیدا هەیە و وتی، هاوڵاتیانی قەزاکە ئیتر ناچارن بە تایبەتی لە کاتەکانی شەو و بەیانیاندا کە دێنە دەرەوە قەمسەڵە لەبەربکەن.

قەزای پێنجوێن هەزار و 317 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و ناوچەیەکی ساردە و دوو ساڵ لەمەوبەر لەماوەی تەنیا یەک هەفتەدا زیاتر لە 150 سانتیم مەتر بەفر لە قەزاکە باری و هاتووچۆی قەزاکە بۆماوەی نزیکەی یەک هەفتە راوەستا.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا