نەخشەکانیان تەواو بووە

دوو ئەندەرپاسی نوێ لە سلێمانی چاوەڕێی وەبەرهێنەرن

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

نەخشەی دوو ئەندەرپاسی نوێ لەلایەن شارەوانی سلێمانیەوە تەواو کراوە و چاوەڕێی وەبەرهێنەر دەکەن دروستیان بکات.

شارەوانی سلێمانی، ئەندەرپاسەکان بەو وەبەرهێنەرانە جێبەجێ دەکات، کە لەناو شار مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنانیان پێدراوە.

ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، نەخشەسازی دوو ئەندەرپاسی نوێ تەواو بووە و هەردووکیان کەوتوونەتە سەر شەقامی مەلیک مەحمود.

جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی وتیشی، “یەکێکیان دەکەوێتە بەرامبەر ناوچەی پیشەسازی و ئەوەی دیکەشیان لای ئەو رێگایەوەیە کە بەرەو چوارچرا لادەدات”.

لەناو شاری سلێمانی کارکردن لە هەریەکە لە ئەندەرپاسەکانی هەواری شار، باخی بەختیاری، فاروق و ئارام بەردەوامە.

ئاکۆ عەلی دەڵێت، “پلانی ئەندەرپاسی زیاتر هەیە، بەڵام نەخشەکانیان هێشتا تەواو نەکراوە”.

شەقامی مەلیک مەحمود یان شەقامی 60 مەتری، تا ئێستا یەکێکە لە سەرەکیترین شەقامەکانی پارێزگای سلێمانیە و چوار ئەندەرپاسی تێدایە.

بەشێکی شەقامی 60 مەتری سلێمانی داخرا

بەشێکی شەقامی 60 مەتری سلێمانی داخرا