دوو هەفتەیان داناوە

دەرزی دژە نەخۆشی لە ئاژەڵ و پەلەوەرەکانی خورماتوو دەدرێت

964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

کارمەندانی ڤێتەرنەری و تەندروستی دوزخورماتوو دەیانەوێت لە ماوەی دوو هەفتەدا، سەرجەم ئاژەڵ و پەلەوەرە ماڵییەکانی سنورەکەیان بە ڤاکسینی دژە نەخۆشی بکوتن.

تیمەکان ئامانجیان وایە، کە سەرجەم ئاژەڵ و پەلەوەرەکانی قەزاکە بکوتن.

ئەمڕۆ سێشەممە 24.10.2023، زینە حەیدەر بەڕێوبەری بەشی کلینکی ڤێتەرنەری دوزخورماتوو بە 964ی وت، “لەگەڵ گۆڕانی وەرزدا چەند جۆرێکی نەخۆشیی پەیدا دەبن، کە زۆرێک لە ئاژەڵەکان تووشی دەبن و لە ئەنجامدا جۆرە ڤایرۆسێک دەدات لە جەستەیان، ئەمەش دواجار لە کاتی سەربڕین و بەکارهێنانی گۆشتەکەی مرۆڤ توشی نەخۆشی دەکات”.

تیمەکان ئامانجییان ئەوەیە پێش ئەوەی هەر مرۆڤێک تووشی ئەو جۆرە نەخۆشییانە بن پێشوەختە و بە بەکارهێنانی دەرمانی پێویست رێگەی لێبگرن، هەروەک زینە حەیدەر ئەوەشی وت، “بە دەرمانی دژە زیندەیی سەرجەم ئاژەڵ و پەلەوەرەکانی قەزاکە دەکوتین بۆ ئەوەی پارێزراوبن لەتوشبوون بە نەخۆشییە مشخۆرییەکان”.

سەگەکانی دوزخورماتوو کۆمەڵکوژ دەکرێن

سەگەکانی دوزخورماتوو کۆمەڵکوژ دەکرێن

مەریوان سلێمان یەکێکە لەخاوان ئاژەڵدارەکانی دوزخورماتوو ئەو بە 964ی وت، “لە کاتی گۆڕانی وەرزدا ئاژەڵەکانمان روبەرووی چەندین جۆرە نەخۆشی دەبنەوە، و هەندێکجار درەنگ هەستیان پێ دەکەین، تا دەیان بەین بۆ چارەسەر مردار دەبنەوە”.

بەوتەی ئەو خاوەن ئاژەڵە بێت، “ئەوان دڵخۆشن بەو هەنگاوەی کە تیمەکانی ڤێتەرنەری ناویانە لە پێناو پاراستنی ئاژەڵ و پەلەوەرە ماڵییەکانی قەزاکە، تا خەڵک زیانی تەندروستی پێ نەگات و ئەوانیش مەرگی ئاژەڵەکانیان نەبینن”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا