تایە و بلۆکی تێدا بووە

زیاتر لە 4000 چاڵی ئاوەڕۆی هەولێر پاککرایەوە

964+

فەهمی نەبی

خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر رایگەیاندووە، بۆ رێگری لە دروستبوونی لافاو ئەمڕۆ شەممە 220 چاڵی ئاوەڕۆ (مەجرا) لە هەولێر پاککراوەتەوە.

ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بۆ 964 قسەیکرد وتی، بۆ کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی دروستبوونی لافاو، لەم ماوەیە توانراوە چوار هەزار و 500 چاڵی ئاوەڕۆی کۆڵان و گەڕەکەکان پاکبکرێتەوە.

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر دەڵێت، ئەو چاڵانە خاڵی گرنگن، چونکە لەرێگەی ئەوانەوە ئاو دەگاتە ئاوەڕۆ گشتییەکان، ئەمەش بەهۆی پابەند نەبوونی هاوڵاتیان بەشی هەڕە زۆری چاڵەکان دەگیرێن.

ئەو تیمەی چاڵەکان پاکدەکاتەوە زیاتر دەچنە ئەو شوێنانەی ساڵانی پێشوو خاڵی لاوازی کۆبونەوەی ئاو بوون.

ژیار جەلال دەڵێت، ئەو چاڵانەی کە سەرە مەزراکانیان دزراون پڕیەتی لە پاشماوەی وەک بەرد، دەبە، بلۆک تەنانەت تایەی سەیارەی تیا بووە، ئەوانەشی سەرە مەزراکانیان لەشوێنی خۆیەتی زیاتر گەڵای تێدایە و بەئاسانی پاکدەکرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر ئاگاداری هاوڵاتیان دەکاتەوە هەر هاوڵاتیەک دەزانێت کێشە بۆ چاڵی ئاوەڕۆی کۆڵانەکەی دروست دەبێت با پەیوەندی بکات بەم ژمارانە.

سنوری شارەوانی یەک: مسعود (07504515485)
سنوری شارەوانی دوو: محسن (07503291365)
سنوری شارەوانی سێ: کەمەند (07504486085)
سنوری شارەوانی چوار: بێستون (07514016683)
سنوری شارەوانی پێنج: بۆتان (07504368789)
سنوری شارەوانی شەش: شاهین(07503262693)