60 هەزار خشت بەکاردێت
خشتی سلێمانی لە دەروازەی مەولەوی بەکاردەهێنرێت
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بەشێکی دیکەی دەروازەی شەقامی مەولەوی بە خشتی سلێمانی نوێدەکرێتەوە، بەردەوام 30 وەستا کاری تێیدا دەکات.
وەستا ئیبراهیم ئەحمەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە 964ی وت، ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە نۆژەنکردنەوەی دەروازەی شەقامی مەولەوی، چەند ڕۆژێکە دەستیانکردووە بە لێکردنەوەی دیکۆری پێشەوەی بیناکە.
بەپێی زانیارییەکان ئەو بینایە موڵکی زانکۆی سلێمانیە، بە شێوازێک کە هێمای رابردووی سلێمانیانە دیزاینی بۆ دەکرێتەوە.
ئەو وەستایە دەڵێت، 60 هەزار خشتی بەرهەمهاتووی سلێمانی لە نۆژەنکردنەوەکە بەکاردێت.
لە بەشی پێشەوەی بیناکەدا وێنەیەکی قازی محەمەد هەیە، بەرزی چوار مەتر و پانی یەک مەتر و 30 سانتیمە، شوێنی ئەو وێنەیە چاکدەکرێت و وێنەکە دادەنرێتەوە، ئەمەش بەپێی وتەی وەستا ئیبراهیم ئەحمەد.
بڕیارە لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی بەشی پێشەوەی، هەریەکە لە رووپۆش و کاری روناکی و شوێنی ئاوەڕۆ و چاککردنی سەربانی بیناکە چاک بکرێت، رووبەری پێشەوەی بیناکە 750 مەتر چوار گۆشەیە، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت، هێشتا دڵنیانین کەی تەواو دەبێت.
ئەو بەشەی پێشووتر نۆژەنکراوەتەوە بە بەردی ئێرانی بووە، بەڵام ئەوەی ئێستا بە خشتی سلێمانیە لە گڵی سوری دەوروبەری سلێمانی دروست دەکرێت، ڕەنگێکی سوری هەیە، دوای تەواوکردنی دەخرێتە کورەوە و سوور دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی