پارەی بایەعی لەسەر خەڵک زیاد نەبووە
964+
توانا نەقی – هەولێر
پارەی هەر سەر خێزانێک بۆ وەرگرتنی بایەعی 310 دینار بوو، لەمەودوا دەبێتە 350 دینار، بەڵام دەبێت بریکارەکان خۆیان بیدەن و لەسەر هاوڵاتی زیاد نەبووە.
ئەو بڕیارە لە دوای ئەوە هات، کە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێمی کوردستان وەکو پارێزگاکانی دیکەی عێراقی لێهاتەوە، لەم مانگەوە.
بریکارەکان پێشتر بۆ هەر سەر خێزانێک هەزار دیناریان وەردەگرت، بەڵام 310 دیناریان دەگێڕایەوە بۆ حکومەت، ئێستا کە هەر هەزار دینار وەردەگرن، دەبێت 350 دینار بگێڕنەوە، واتە 40 دینار لەسەریان زیادبووە.
لەوبارەیەوە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە 964+ی وت، پێشتر پارەی بریکارەکانی خۆراک بۆ هەرێمی کوردستان بوو، لە بری خەرجی کرێی گواستنەوە، بارکردن، داگرتن و عەمبارکردن، بەڵام لە مانگی تشرینی یەکەمەوە گواستراوەتەوە بۆ بەغداد و خەرجییەکان ئەوان دەیدەن.
964+ دەزانێت، پارەی ئاردیش پێشتر 50 دینار بووە، ئێستا بووە بە 100 دینار و هەمووی بۆ بەغداد دەگەڕیتەوە.
لەبارەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی ئەمساڵەوە نەوزاد شێخ کامیل روونیکردەوە، ئێستا بەشەخۆراکی مانگی 11 دابەشدەکرێت، لە دەستپێکی ساڵی داهاتوو دابەشکردنی بەشەخۆراکی ساڵی نوێ دەستپێدەکات، ئەگەر بڕیاری زیادکردنی مادەکان جێبەجێبکرێت، ئەوا مادەکانی شیر و چا زیاد دەکرێت.