گواستنەوەی سلێمانی وا دەڵێت

“گەراجی فەرمی بەکارنەهێنیت بەرپرسیارەتیت هەڵناگرین”

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

گواستنەوەی سلێمانی داوا لەهاوڵاتیان دەکات لەکاتی سەفەریان بۆ دەرەوەی شار گەراجە فەرمییەکان بەکاربێنن، بە پێچەوانەوە لەکاتی روودانی هەر رووداوێک ناتوانن هیچیان بۆ بکەن.

سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە 964ی وت، پێویستە هاوڵاتیان لە گەراجە فەرمیەکانەوە سەردانی دەرەوەی سلێمانی بکەن، لەبەرئەوەی ئەو تاکسیانەی لەو گەراجانەن لە ژێر چاودێریدان و کەسانی ناسراون.

دیاردەی گواستنەوەی هاوڵاتیان لەدەرەوەی گەراج چەندین ساڵە هەیە، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی تێرمیناڵی سلێمانی ئەم دیاردەیە زیاتر زەق بووەتەوە، ئەمەش لەبەر دووری شوێنی تێرمیناڵ لەسەنتەری شار.

“هەر هاوڵاتیەک لەگەڵ ئەو تاکسیانە دووچاری کێشە بن یان شتیان لێ بەجێ بمێنێت ئێمە ناتوانین سکاڵایان وەربگرین” ئەمە قسەی بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بوو.

بەپێی رێنمایی گواستنەوەی سلێمانی هەر تاکسیەک ئەگەر لە دەرەوەی گەراج نەفەر سەر بخات، ئەگەر هێڵی نەبێت یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار غەرامە دەکرێت، ئەوانەشی مۆڵەتی خەتیان هەبێت 750 هەزار دینار غەرامە دەکرێن.

میکانیزمی سزادانەکە بەمجۆرەیە، ئەو تاکسیەی لەدەرەوەی گەراج نەفەر سەردەخات ژمارەکەی تۆماردەکرێت، کاتێک تاکسیەکە دەچێت لۆگۆ نوێ بکاتەوە ئەو بڕەی وەک سزا بۆی دیاریکراوە لێی وەردەگیرێت.

لەگەڕەکی شەکرەکە تاکسیەک کاری سەرخستنی نەفەری دەکرد لەدەرەوەی گەراج ئەو وتی، “ئەگەر بچینە تێرمیناڵ چەند کاتژمێرێک چاوەڕوان دەکەین و سەرەمان نایەت، ئێرە بۆ ئێمە باشترە”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

گواستنەوەی سلێمانی: لەگەڵ تاکسی بێ لۆگۆ سەرنەکەون

گواستنەوەی سلێمانی: لەگەڵ تاکسی بێ لۆگۆ سەرنەکەون