پسپۆڕێکی ئابووری: ترستان لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نەبێت

+964

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی لە بازاڕی دراوەکاندا بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دەگەڕێندرێتەوە. ئەوە رای پسپۆڕێکی ئابوورییە و دەشڵێت؛ دۆلار هەرچەند بەرز ببێتەوە هەر دەچێتەوە نرخە دیاریکراوەکەی خۆی.

ئەمرۆ یەکشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2022 تا کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ، نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی لە بانكی ناوەندیی عێراق هەر بە 146 هەزار ‏دینار بوو، بەڵام لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بە 154 هەزار و ‏‏700 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا و دەنگۆی بەرزبوونەوەی زیاتریشی هەبوو.

د. کامەران قادر، پسپۆڕی دارایی و بانکی و مامۆستای زانکۆ بە +964ـی وت، “پێنج بانکی عێراق گومانی ئەوەیان لێکراوە ئەو پارەیەی لە بانکی ناوەندی وەری دەگرن دەینێرنە دەرەوەی وڵات و سپیی دەکەنەوە.”

دەشڵێت، بانکی ناوەندی دۆلاریان ناداتێ و ئەوانیش دۆلار لە بازاڕ دەکڕن و خواست لەسەری زۆر بووە و نرخەکەی بەو شێوەیە بەرزبووەتەوە.

بانکی ناوەندی رۆژانە پێنج ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، بەڵام ماوەی چەند رۆژێکە ئەو بڕەی کەمکردووەتەوە و کەوتووەتە پشووی سەری ساڵیشەوە.

“هەرچەند نرخی دۆلار بەرزببێتەوە هەر دەچێتەوە ئەو نرخەی بۆی دیاریکراوە کە ١٤٧ هەزار دینارە، چونکە هیچ پلانێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکەی لە لایەن بانکی ناوەندییەوە نییە”، د.کامەران قادر وای وت.