له‌مه‌ولا به‌ مێك زه‌مین ئاگر ده‌كوژێندرێته‌وه‌

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

ژماره‌یه‌ك ئوتومبێلی ئاگركوژێنه‌وه‌ له ‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ دابه‌شی سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و بنكه‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌ى شاره‌كان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانى هه‌رێمی كوردستان ‌كرا، شاره‌زاییه‌كی ئه‌و بواره‌ش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێداویستییه‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا وه‌ك پێویست نه‌بووه‌.

فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیاری حكومه‌تى هه‌رێم بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ 74 ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه‌، بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابین كران و راده‌ستی به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی به‌رگریی شارستانیی پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان كراون.

به ‌پێی ئه‌و راگه‌یه‌نراوه‌، ئه‌و ئوتومبێلانه‌ مۆدێلیان به‌رز و پێشكه‌وتوون و توانای جڵەوكردنی دەستبەجێی هه‌ر رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌یان هه‌یه‌، جا ئەو رووداوانە لە هەر بارودۆخێكی جوگرافیدا بن، وەك ناوچه‌ شاخاوییه‌كان یان شوێنە سەخت و تەنگەبەرەكان.

زیاد بابان، ئه‌ندازیاری میكانیك و شاره‌زا له‌ بوارى ئامێره‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ى بۆ 964+ ئاشكرا كرد، ‌ ئه‌و 74 ئوتومبێله‌ى ئاگركوژێنه‌وه‌ له‌ وڵاتى توركیا دروستكراون و وتیشی “ئه‌و ئوتومبێلانه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم له‌و رۆژانه‌ دابه‌شی سه‌ر بنكه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌ى كردووه‌، له‌ رووى كوالێتییه‌وه‌ زۆرباشن و ئه‌وه‌ى من ئاگاداربم، ئه‌و ئوتومبێلانه‌ له‌ توركیا لایه‌ن كۆمپانیایه‌كى به‌ناوبانگ دروستكراون”.

ئه‌و ئوتومبێلانه‌ى دابه‌شكراون، له‌ جۆرى (مان) مودێل 2020 ن.

ئه‌و شاره‌زایه‌ نایشارێته‌وه‌، له ‌ماوه‌ى رابردوودا پێداویستییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاگركوژێنه‌وه‌ وه‌ك پێویست نه‌بووه‌ و كه‌موكوڕى زۆرى هه‌بووه‌، ده‌شڵێ “پێداویستییه‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌ له ‌هه‌رێمی كوردستان به ‌پێی سه‌رده‌مه‌كه‌ نه‌ڕویشتووه‌ و كه‌موكوڕی هه‌بووه”.

964+، ده‌زانێت، زۆربه‌ى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى له‌ ماوه‌ی رابردوو له‌ هه‌رێمی كوردستان كاری ئاگركوژێنه‌وه‌یان پێكراوه‌ له‌ جۆری مارسیدس مودێل 2002 بوونه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ناوچه‌ شاخاویی و ته‌نگه‌به‌ره‌كان، وه‌ك پێویست كاریان پێنه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئوتومبێلی جۆرى (تۆیۆتا بیك ئاب – مێك زه‌مین)ى له‌رێى كۆمپانیایه‌كی خۆماڵى بۆ ئاگركوژێنه‌وه‌ دابین كراوه‌.