"باڵەخانەکە بەتەواوی فەرامۆشکراوە"
خوێندکارێکی بەشە ناوخۆیی شەهید شەوکەت دەڵێت 25 رۆژە خۆم نەشۆردووە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
بەشێک لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی “شەهید شەوکەت شێخ یەزدین” لەناو حەوشەی بەشە ناوخۆییەکە گردبوونەوە، ئەوان دەڵێن، “خزمەتگوزاری لەبەشە ناوخۆییەکەمان نییە”.
هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەدا پەیامنێری 964 بچێتە ناو بەشە ناوخۆییەکە دەنگی ئەو خوێندکارانە بگەیەنێت. بەڵام یەکێک لە خوێندکارەکان لە دەرەوەی بەشە ناوخۆییەکە قسەی بۆ کردین.
ئەو خوێندکارە دەڵێت، هیچ خزمەتگوزارییەک لە بەشە ناوخۆییەکەمان نییە، ئاوی گەرممان نییە، لە شەقامە سەرەکیەکەی بەردەم بەشە ناوخۆییەکە تاسەی نەماوە و پەڕینەوەمان زەحمەتە.
ئەو خوێندکارە دەڵێت، لەوەتەی بەشە ناوخۆییەکەمان کراوەتەوە 25 رۆژە خۆم نەشۆردووە، بیناکە بەتەواوی خراپ بووە، لە زستان مەترسی ئەوە هەیە ئاو بچێتە ژوورەکانی نهۆمی یەکەم”.
ئەیاد عەلی بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆیی شەهید شەوكەت بە 964ـی راگەیاند لە بەیانییەوە ئاوی گەرم دابین دەكەین بۆ خوێندكاران پێشتریش كە ئاوی گەرم نەبوە بەهۆی سیستەمی بۆیلەر بووە ئەو سیستەمە ئەگەر هەوای سارد هەبێت ئاوی گەرم نابێت، بەڵام لەبەیانیەوە ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەین، بۆ پەڕینەوەی خوێندكارانیش داوامان كردووە پردی پەڕینەوە دروست بكرێت و کێشەی ئاوی باڵەخانەکانیش چارەسەر دەکەن
بەشە ناوخۆیی “شەهید شەوکەت شێخ یەزدین” دەکەوێتە سەر رێگای هەولێر – کەرکوک و 2000 خوێندکار لێی دەمێننەوە.