زانکۆی سەڵاحەدین 25 رێنمایی نوێی بۆ پێدانی بەشە ناوخۆیی بڵاوکردەوە

964+

فەهمی نەبی

زانکۆی سەڵاحەدین 25 رێنمایی نوێی بۆ پێدانی بەشە ناوخۆیی بە خوێندکارانی زانکۆکەی بڵاوکردەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکە دەڵێت، بڕیارە ئەمساڵ بەشە ناوخۆییە نوێیەکەی کەمپی زانکۆ بکرێتەوە.

سامان عەبدوڵلا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ 964 دەڵێت، ساڵانە رێنماییەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، ئەمساڵیش رێنماییەکان بۆ رێکخستنی کاروباری بەشە ناوخۆییەکان رێکخراوەتەوە.

بەگوێرەی رێنماییە نوێیەکەی زانکۆی سەڵاحەدین، هەر خوێندکارێک ماڵی لە دووری 45 کیلۆمەتری زانکۆکەی بوو مافی ئەوەی هەیە داوای بەشە ناوخۆیی بکات و بەپێچەوانەوە مافی ئەوەی نابێت.

زانکۆی سەڵاحەدین خاوەنی دوو بەشە ناوخۆیی گەورەیە، ئەوانیش بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدین کە تایبەتە بە کوڕان، جێگەی هەزار و 800 خوێندکار دەبێتەوە، بەشە ناوخۆیی 18ی شوبات تایبەتە بە کچان و جێگەی نزیکەی هەزار خوێندکار دەبێتەوە.

سامان عەبدوڵا دەڵێت، بڕیارە ئەمساڵ ئەو بەشە ناوخۆییە وەربگرین کە دەکەوێتە ناو کەمپی نوێی زانکۆ، جێگەی دوو هەزار خوێندکار دەبێتەوە و %98ی کارەکانی تەواو بووە، تەنیا کاری دانانی کەلوپەلی ماوە.

لێرە فۆرمی تایبەتی بەشە ناوخۆیی 18ی شوباتی کچان پڕ بکەوە.

ئەمە فۆرمی بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدینە.