لە بەغدا

چوارشه‌ممه‌ی داهاتووش باسی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ ناكرێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو كۆده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام جارێكی دیكه‌ له‌ كارنامه‌كه‌یدا ده‌نگدان بۆ یاسای به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ ناكرێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ئەنجومەنی نوێنەران کارنامەی خۆی بۆ دانیشتنی چوارشەممەی داهاتوو راگەیاند.

بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجومەن لە بەیاننامەیەکدا، کارنامەی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان بۆ دانیشتنی چوارشەممەی داهاتوو ئاشكرا كرد، كه‌ له‌م بڕگانه‌ پێكهاتووه‌:

یەکەم – دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای دەسەڵاتی نیشتمانیی رێکخستنی ئەتۆمی و تیشک و کیمیایی و بایۆلۆجی (لیژنەی تەندروستی و ژینگە، لیژنەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی).
دووەم – دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی دووەمی یاسای فەرمانگەکانی خزمەتگوزاری زانستی و راوێژکاری لە دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە (7)ی ساڵی 1997 (لیژنەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی).
سێیەم – پرسیاری زارەکی ئاراستەی وەزیری پەیوەندییەکان ده‌كرێت.
چوارەم – خوێندنەوەی یەکەم بۆ رەشنووسی یاسای پەیوەستبوونی کۆماری عێراق بە رێککەوتنی نێودەوڵەتی زەیتی زەیتون و زەیتی خواردن بۆ ساڵی 2015 (لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە). (2 ماده‌).
پێنجەم – راپۆرت و گفتوگۆی خوێندنەوەی (دووەم)ی رەشنووسی یاسای پەیوەستبوون بە پەیڕەوی ناوخۆی رێکخراوی گەشەپێدانی ژنان لە وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی، (لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە).

بڕیار بوو ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ی بۆ چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو دواخست.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ بڕیار بوو رۆژی 30.9.2023 لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام جارێکی دیکە ئەو پرۆسەیە دواخرا، كه‌ بۆ جاری چوارەم بوو دەنگدان له‌سه‌ر یاساكه‌ دواخرا.
پێشتر 964 بەدواداچونی كرد و ده‌ركه‌وتووه‌، به‌شێک لە لایەنە سوونییەکان له‌ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ناڕازین و لایەنە شیعیەکان کێشەیان نییە.
تا ئێستا دوو جار خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە کراوە، بەشێک لە پەرلەمانتارە عێراقییەکانیش پرسی بەپارێزگابوونی چەند قەزایەکی دیکە تێکەڵ بە بابەتەکە بکەن.
رێکەوتی 13.3.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای پارێزگای ھەڵەبجەی پەسەند کرد، رۆژی 2ی نیسانیش ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەکە کرد.
دواتر لە رۆژی 4.5.2023 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساکە تەواو کرد و پێشنیاری ژمارەیەک پەرلەمانتاری خستەڕوو، کە داوای دابینکردنی بودجەیەکیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی دەکرد.
هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ “هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید”ی پێده‌وترێت، له‌ رۆژی 13.3.2014 لەلایەن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بە فەرمیی کرایە چوارەم پارێزگای ھەرێمی کوردستان.
ھەڵەبجە بە دووری 75 کم کەوتووەتە خوارووی رۆژھەڵاتی شاری سلێمانی، له‌ ساڵی 1988 حكومه‌تی به‌عس به‌ چه‌كی كیمیایی هێرشی كرده‌ سه‌ر و له‌ ئه‌نجامدا پێنج هه‌زار كه‌س شه‌هید بوون و زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون، كه‌ تا ئێستاش كاریگه‌ریی ئه‌و چه‌كه‌ به‌سه‌ر شاره‌كه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌ ماوه‌.