مامۆستایانی ناڕازی وەڵامیان چییە؟

بۆ کۆتایهێنانی بایکۆت دوو رێنمایی نوێ بۆ مامۆستایانی ناڕازی کەرکوک دەرچوو

964+

فەهمی نەبی

دوای ئەوەی ئەمڕۆ 1.10.2023 لە پارێزگاکانی عێراق زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا، لە پارێزگای کەرکوک ئەو قوتابخانانەی سەر بە خوێندنی کوردین بەشی زۆریان بایکۆتی دەستپێکردنی دەوامیان کرد، بەشی خوێندنی کوردی دوو رێنمایی نوێی بۆ مامۆستایان و وانەبێژانی ئەو پارێزگایە راگەیاند، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی رەتیدەکەنەوە.

بەگوێرەی رێنماییە نوێیەکەی بەشی کوردی، هەر مامۆستا و وانەبێژێک کاتێک بەشە وانەکانی لە رۆژێکدا تەواو دەبێت دەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵ، هاوکات داوا دەکات کۆی بەشە وانەی مامۆستایان لە هەفتەیەکدا دابەشبکرێتە سەر چوار رۆژی دەوام و یەک رۆژ ئۆفیان بۆ دابندرێت.

مامۆستا هیوا حەسەن عەلی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی شاری کەرکوک بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “ئەو دوو رێنماییە هەرگیز ساردمان ناکاتەوە لە خۆپیشاندان، چونکە ئەوە داواکاری ئێمە نییە، بەڵکو داوا دەکەین مانگانە حکومەتی عێراقی لە بەشە بودجەی هەرێم موچەی مامۆستایانی کەرکوک جیابکاتەوە و بە کی کارد بە مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی کەرکوکی بدات”.

بەوتەی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی شاری کەرکوک، هەموو مامۆستایانی خوێندنی کوردی شارەکە بایکۆتیان نەکردووە، بەڵام بەشی هەرە زۆریانن کە بایکۆتیان کردووە.

مامۆستا هیوا ئەوەش دەڵێت، “مەرج نییە بایکۆت بەردەوام بێت، بەڵام ئێمە لە رێکارەکانی دیکە بەردەوام دەبین”.

ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ دەستپێکی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن، بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک بایکۆتی دەستپێکی دەوامیان کرد، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەکە کۆبوونەتەوە، نوسراوێکیان بۆ کراوە بۆ وەزارەتی پەروەردەی بەغدا بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان جێبەجێبکرێت. ئەمەش بەوتەی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی 964 ژمارەی قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک نزیکەی 500 قوتابخانە دەبێت، لەو ژمارەیە حەوت هەزار مامۆستا و فەرمانبەر دەوام دەکەن.

لە کەرکوک و خورماتوو زەنگی بایکۆت لێ درا

لە کەرکوک و خورماتوو زەنگی بایکۆت لێ درا