فرۆشیارێک: نرخی تەسبیح گەیشتووەتە یەک دەفتەر دۆلار

964+

شۆڕش عەبدولستار – هەولێر

تەسبیح مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لەناو خەڵکیدا، بۆ چەندین ئامانج بەکاردێت، کە دیارترینیان خووپێوەگرتن و جوڵاندنیەتی بە دەست و پەنجە، هەروەها هەڵگرتنیەتی بۆ جوانیی، ئەوە جگە لەوەی هەندێک کەس بۆ نزای ئایینی بەکاری دەهێنن.

لەناو بازاڕی گەورەی هەولێر چەندین کەس هەن خەریکی فرۆشتنی تەسبیحن، یەکێکیان دەڵێت، تەسبیح هەیە نرخی گەیشتووەتە یەک دەفتەر دۆلار (15 ملیۆن دیناری عێراقی).

تەحسین عومەر، ساڵانێکی زۆرە تەسبیح دەفرۆشێت، بە 964+ی وت، “خواستی زۆر لەسەر تەسبیح هەیە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، چونکە ئێستا جۆرەکانی زیاترن، پێشتر و لە ساڵەکانی حەفتاکان تەنیا چەند جۆرێک هەبوون، وەکو نەجەفی، قەزوان و زەیتوون”.

ئەو دەڵێت، ئێستا تەسبیح هەیە کارەباییە و لە ئەڵمانیا دروست دەکرێت، جاری وا هەیە نرخەکەی دەگاتە یەک دەفتەر دۆلار.

بە قسەی فرۆشیارەکان، خەڵکی ئیستا زیاتر تەسبیحی جۆری پۆلستری و قەزوان بەکاردەهێنن، لەناویاندا جۆری بەردەکان، یەمەنی و پۆلۆنی بەناوبانگترینن.

ئەوەندەی پەیامنێری 964+ لە بازاڕەکە بوو، خەڵکێک هەبوون کە سەودای تەسبیحیان دەکرد لەگەڵ فرۆشیارەکان.

بورهان دارا، گەنجێکی کڕیار بوو، بە 964+ی وت، “وەک حەزێک تەسبیح بەکاردەهێنم، بەتایبەت کاتێک جلی کوردی دەپۆشم، شتێکی جوانە بەلامەوە”.