وەرن ببین بە سەگ
دوو شانۆکارەکەی کەلار بە کەفالەت ئازاد کران
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ئەو دوو شانۆکارەی کە لەسەر سکاڵای مامۆستایەکی ئایینی دەستگیر کرابوون، بە بڕیاری دادوەری دادگای کەتنی کەلار بە کەفالەت ئازاد کران.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27.8.2023، عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، ئەو دوو شانۆکارە تا رێکەوتی 9.10.2023 بە کەفالەت ئازاد دەبن تا جارێکی دیکە لەو کاتەدا دەچنەوە بەردەم دادوەر.
ھۆکاری دەستگیرکردنی ئەو دوو هونەرمەندە بۆ کارێکی شانۆیی دەگەڕێتەوە، کە سێ ساڵ پێش ئێستا ئەنجامیانداوە، دواتر مامۆستایەکی ئایینی سکاڵای تۆمارکردووه.
سێ ساڵ لەمەوبەر، لەبەردەم هۆڵی هونەر شانۆگەری “وەرن ببین بە سەگ” نمایشکرا و کاردانەوەی زۆری بەدوا داهات.
عومەر عەبدوڵا و شکۆ عومەر دەرھێنەر و پێداچوونەوەی دەقی شانۆییەکە بوون، ھەروەھا 964 دەزانێت سکاڵا لەسەر ئەو دوو ئەکتەرەش کراوە بەشداری شانۆکەیان کردووە، بەڵام دەوترێت یەکێک لە ئەکتەرەکان ژنە و دادوەر راینەگرتووە و ئەکتەرەکەی دیکەش ئامادەی دانیشتنەکە نەبووە، بڕیاری دەستگیرکردنی ئەویش دەرچووە.