هۆڵەکە لە دوای رووداوەکە. وێنە: AFP
زانیاری نەبیستراو لەبارەی رووداوەکەی حەمدانییە
کارمەندێکی هۆڵەکەی حەمدانیە: ویستمان خەڵک ببەینە دەرەوە بەڵام بە قسەیان نەدەکردین
964+
ژووری هەواڵ
کارمەندێکی هۆڵەکەی حەمدانیەی موسڵ وردەکاری ئەو ساتە دەگێڕێتەوە کە ئاگرەکە کەوتووەتەوە و دەڵێت هەوڵیاندا خەڵکەکە ببەنە دەرەوە، بەڵام بە قسەیان نەکردوون، چونکە بۆ منداڵ و کەسوکارەکەیان گەڕاون و هەر لەبەر ئەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارەکان ئەوەندە زۆر بوون.
ئەو کارمەندە کە لە چێشتخانەی هۆڵەکە کاردەکات تایبەت بۆ 964 قسەی کردووە و ئەوە دەگێڕێتەوە کە لەو کاتەی بڕگەی میوزیکە لەسەرخۆکە دەستی پێکردووە، لە پڕ سەقفی هۆڵەکە گڕی گرتووە، هەموو خەڵکەکە لێیان شێواوە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەرگای چوونە دەرەوە نزیک بووە لە ستەیجی بوک و زاوا، بۆیە هەردووکیان خێرا گەیەندراونەتە دەرەوە و تەنیا بە سووکی چەند بەشێکی جەستەیان سووتاوە.
کارمەندەکە دەڵێت، “لەگەڵ کەوتنەوەی ئاگرەکە بۆری تەبرید لە سەقفی هۆڵەکە تەقییەوە، لەگەڵ هاوکارەکانم رامانکرد بۆ ئەوەی منداڵەکان رزگار بکەین و خەڵک لە دەرگای چێشتخانەکەوە ببەینە دەرەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین”.
کارمەندەکە لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا بۆ 964 وتی، خەڵکێکی زۆر لە دەرگای چێشتخانەکەوە دەرباز کران، بەڵام زۆرێک هەبوون ئامادە نەبوون بچنە دەرەوە، چونکە بە دوای منداڵ و کەسوکارەکەیان دەگەڕان و هەر لەگەڵ ئەوان گیانیان لەدەستدا.
کارمەندەکە باسی لەوەشکردووە، پانی دەرگاکە تەنیا یەک مەتر بووە، بۆیە رەنگە زۆر کەس بووبن بە ژێر دەست و پێوە و گیانیان لەدەست دابێت، ”زیاتر لە 900 کەس لە هۆڵەکەدا بوون، رەنگە 150 کەسمان لە دەرگای چێشتخانەکەوە رزگار کردبێت”.