وەزارەتی شارەوانی دەگوێزرێتەوە

+964

فەهمی نەبی – هەولێر

وا بڕیارە لە پاش پشووەکانی سەری ساڵ، وەزارەتی شارەوانی ئیش و کارەکانی بگوێزێتەوە بۆ باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەولێر، ئەگەرچی باس لە فرۆشتنی شوێنی وەزارەتەکە دەکرێت، بەڵام وتەبێژەکەی رەتیدەکاتەوە.

باڵەخانەی ئێستای وەزارەتی شارەوانی دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەڵای هەولێر بە یەک کیلۆمەتر، باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆکان دەکەوێتە سەر رێگای موسڵ بەرانبەر پارکی هەولێر.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی شارەوانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە 964+ی وت، “باڵەخانەی وەزارەتی شارەوانی فرۆشراوە و لە جێگەیدا هۆتێلێک دروست دەکرێت”.

کوردۆ شابان، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی ئەمە رەتدەکاتەوە، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە وەزارەتەکەی دەگوێزرێتەوە.

لەپێناو بەدواداچوونی زیاتر، 964+ پەیوەندی بە سەرچاوەی دیکەش کرد لەناو وەزارەت، بە قسەی بەشێکیان، فرۆشتنەکە راستە و دوای سەری ساڵ شوێنی وەزارەتەکە دەخرێتە موزایەدەوە.

سەبارەت بەوەی ئایا دواتر بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر لەکوێ کارەکانیان رایی دەکەن، ئەو سەرچاوانە دەڵێن، لە بەشی پشتەوەی باڵەخانەکەیان کابینەیان بۆ ئامادە دەکرێت.