قەزای کۆیە لە دوورەوە - وێنە: 964+
لە دوکانی زێڕینگەریەک بووە
ساغکردنەوە.. ئەوەی لە کۆیە دۆزراوەتەوە شوێنەوارە؟
964+
پێشەوا محەمەد
ئەمڕۆ شەممە لە بەشێک لە میدیاکان وا بڵاوکرایەوە شوێنەوارێکی نوێ لە کۆیە دۆزراوەتەوە، 964 سۆراغی کرد و دەرکەوت هێشتا دیار نییە ئەوەی دۆزراوەتەوە شوێنەوارە یان نا.
رۆژی پێنجشەممە زێڕینگەرێک لە بازاڕی قەیسەری کۆنی کۆیە بۆ دانانی قاسەکەی زەوی دوکانەکەی هەڵدەکۆڵێت، بەڵام پارچەی خشت و گۆزەی کۆن دەدۆزێتەوە و دواتر شوێنەواری کۆیەی لێ ئاگادار دەکرێتەوە.
لەمڕۆوە تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری کۆیە بۆ کاری کنە و پشکنین بۆ ئەگەری بوونی شوێنەوار دەستیان بە کارکردن کردووە.
یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە بە 964ـی راگەیاند، پارچە خشت و گۆزەکان ناڕێکن و پێدەچێ لەو شوێنە فڕێدرابن.
وتیشی، “تا ئێستا نەگەیشتووینەتە هیچ ئەنجامێک و پێناچێت ئەوەی دۆزراوەتەوە شوێنەوار بێت”.
964 سۆراغی ئەو دەنگۆیانە دەکات کە رۆژانە بە راست و هەڵە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاودەکرێنەوە و بە تەکنیکەکانی رۆژنامەوانی هەوڵی ساغکردنەوەیان دەدات.