داوا دەکرێت گەراجی پاسەکانی دارەسووتاوەکە لاببرێت

964+
دیلان محەمەد جەزا

پێشنیازکراوە گەراجی پاسەکانی دارەسووتاوەکەی سلێمانی لاببرێت و لە کانێسکان گەراجی مۆدێرن دروست بکرێت و قۆرخکاری نەهێڵدرێت.

ئازاد ئەحمەد کارگێڕی لقی سلێمانی سەندیکای شۆفێران بە 964ـی وت، ئەوان پێشنیازیان کردووە و پێیانوایە گەراجی دارەسووتاوەکە سیمایەکی ناشیرینی بەخشیوە بە بازاڕی سلێمانی، هاوکات کرێی گەراجەکانی پاس زۆر گرانن بە شێوەیەک مانگی چوار ملیۆن دینار وەردەگیرێت بۆ یەک گەراج.

وتیشی، “نزیکەی 10 هێڵی پاس لە دارەسووتاوەکە هەن، لە بری ئەوەی شووقە دروست بکرێت وەبەرهێن با وەبەرهێنان بکات لەو گەراجانەدا و رێکبخرێتەوە، تا ئاسانکاری بێت بۆ شۆفێران و هاوڵاتیان، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێک لەسەر ئەم بابەتە وەڵامی نەداونەتەوە”.

بەردەوام شاری سلێمانی لە گەورەبوندایە و خواست لەسەر پاس هەیە و گەڕەکە نوێکان داوای هێڵی پاس دەکەن.

لە شاری سلێمانی 1601 پاس هەیە لە هێڵەکاندا و هاتوچۆ بە دانیشتووانی 35 گەڕەکی شارەکە دەکەن.