دواڕۆژەکانی بابلۆ شکاتی لێکرا
964+
شاڵاو عەلی – سلێمانی
بە تۆمەتی ناوزڕاندن، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی سکاڵای لەسەر بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر و یاریدەدەری دەرهێنەری شانۆی دواڕۆژەکانی بابلۆ تۆمار کردووە.
لاوک ئەبوبەکر، وتەبێژی شانۆکە و یاریدەدەری دەرهێنەر بە 964+ی راگەیاند، بەهۆی سکاڵایەکی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بانگهێشتی دادگا کراون و کەیسێک لە دژیان کراوەتەوە.
لاوک ئەبوبەکر وتیشی، “ئێمە پاکی خۆمان دەسەلمێنین و دواتریش لەبەر بێتاوانیمان سکاڵا لەسەر ئەوان تۆمار دەکەین.”
دوا رۆژەکانی بابلۆ شانۆگەرییەکی کۆمێدیای رەش-درامی کوردییە لە دەرھێنانی شوان کەریم، بەرھەمھێنانی سۆران عوسمانە.
شانۆگەرییەکە لە ١٤٠ خولەک پێک دێت، ھەر یەکە لە رێشان حەمۆ، رووبار خالید، سۆران ئەکرەم، تاھیر عەبدولواحید و ھەنار کامەران رۆڵی تیدا دەگێڕن.
لەسەر سکاڵاکە لاوک ئەبوبەکر، وتەبێژی شانۆکە و یاریدەدەری دەرهێنەر دەڵێت، کاری وەزارەت هاوکاریکردنی هونەرمەندان و پشتگیری کردنیانە نەک بەگژداچوونەوەیان.
یەکەم نمایشی شانۆی دوا رۆژەکانی پابلۆ لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستیپێکرد و لە ماوەی ٥٥ رۆژی نمایشدا ژمارەی بینەرانی گەیشتە زیاتر لە ٢٦ هەزار کەس.
دواتر لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، نمایشەکە لە ھەولێر دەستیپێکرد و ٣٠ی تەممووز دوای ٣٥ەمین نمایش، لە ھەولێر کۆتایی بە کاری خۆی ھێنا.