لە زەڕایەن و شارەزوور ماڵە سەوزەکان خەڵات کران
964+
پێشەوا محەمەد
لە پێشبڕکێیەکدا ماڵە سەوزەکانی ناحیەی زەڕایەن و شارەوانی شارەزوور دەستنیشان کران و دواتر سەوزترینیان خەڵات کران.
پێشتر لە لایەن شارەوانی و فەرمانگەی ژینگە و کۆمپانیای گەلیاوا ئەو ماڵانە ئاگادار کرانەوە کە سەوزاییان هەیە، وێنەی ماڵەکانیان بنێرن و دواتریش لە لایەن لیژنەیەکەوە بەپێی مەرجەکان سەوزترینیان دەستنیشان کران.
964 دەزانێت نزیکەی 50 ماڵ تێیدا بەشدار بوون و رۆژی دووشەممە 18.9.2023 هەشتیان وەک باشترین سەوزایی ماڵ خەڵات کران و رێزیان لێنرا.
بوورهان حەمەڕەشید، سەرۆکی شارەوانی زەڕایەن بە 964ـی راگەیاند، هەوڵەکە بۆ هۆشیاری ژینگەیی بوو و کارێکی گرنگ بوو، “ئێمە لای خۆمانەوە بەڵێنمان داوە هاوکاری هەر ماڵێک بکەین کە سەوزایی لە ماڵەکەیدا دروست بکات”.
وتیشی، “ئەو پێشبڕکێیە هانی هاوڵاتیان دەدات لە زیادکردنی سەوزایی و پاراستنی ژینگە”.
مەرجەکانی پێشبڕکێکە ئەوەبوو، سەوزاییەکە دەبێت لەناو ماڵەکەدا بێت و کەوتبێتە سنووری هەردوو شارەوانییەکەوە.