یانەی شەقڵاوە هیچ ئامادەکارییەکی بۆ وەرزی نوێ نەکردووە. فۆتۆ: سۆشیال میدیا
پێده‌چێت شه‌قڵاوه به‌شداریی خولی نایابی كوردستان نه‌كات
+964
ئاکام غەفور- شەقلاوە
یانەی وەرزشی شەقڵاوە تووشی قەیرانێکی دارایی قورس هاتووە، به‌م هۆیه‌وه هیچ ئاماده‌كارییه‌كی بۆ وه‌رزی نوێی خولی نایابی کوردستان نه‌كردووه و پێناچێت به‌شداریی خوله‌كه بكات.
به پێی زانیارییه‌كانی 964، یانەی شه‌قڵاوه زیاتر لە 158 ملیۆن دیناری قه‌رزی ساڵانی رابردووی لەسەرە، تا ئێستا چارەنووسی ئه‌م وه‌رزه‌شی نادیاره.
شاخەوان حەمید ئه‌ندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی شەقڵاوە بۆ 964 وتی، “تا ئێستا هیچ ئامادەکارییەکمان بۆ وه‌رزی نوێ نەکردووە، هێشتا بڕیاری کۆتاییمان نەداوە لەسەر بەرنامەی ئەمساڵ، چاوەڕێی یەکه ئیدارییه‌كانی قەزای شەقڵاوە و پارێزگاری هەولێر و سەرمایەدارانین، کە یارمەتیمان بدەن”.
وتیشی، “لە قەیرانێکی دارایی زۆر قورسین، قەرزی ساڵانی رابردوومان لەسەر کەڵەکە بووە، یانەکەمان تا ئێستاش پاسی بۆ گواستنەوەی یاریزانانی نییه، یاریگه‌كه‌شمان وەک پێویست نییە”.
یانەی وەرزشیی شەقڵاوە لە ساڵی 1993 دامەزراوە، سێ وەرزە لە ئاستی تۆپی پێ له خولی نایاب یاریی دەکات، وه‌رزی رابردوو پلەی چوارەمی بەدەستهێنا، لە جامی کوردستانیش توانی بگاته چوارگۆشەی زێڕین.
بە پێی راگەیاندنی دەستەی کارگێڕیی یانەکە، خەرجی یانەکە لە وەرزی رابردوو زیاتر لە 238 ملیۆن دینار بووه، به‌ڵام داهاتی 144 ملیۆن دینار بووە.
هه‌ر به هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه، هه‌فته‌ی رابردوو سه‌رۆكی یانه‌ی ئارارات به 964ی راگه‌یاند، ئه‌م وه‌رزه به‌شداریی خولی نایابی كوردستان ناكه‌ن.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا