لێکترازان تەمەنە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە

964+

پەرستۆ ساڵح

شانۆیی لێکترازان بەمزوانە بە رۆڵی حەوت ئەکتەر لە سلێمانی نمایش دەکرێت و هونەرمەند شەماڵی عەبەڕەشیش پاڵەوانی چیرۆکەکەیە.

لێکترازان، چیرۆکی شانۆگەریەکە باس لە پچڕان و نەمانی پەیوەندییەکان دەکات لەنێوان باوک و کچ یان دوو هاوسەر و هەموو پەیوەندیەکانی کۆمەڵگە، کاریگەرییەکانی لەسەر سیستمی کۆمەڵایەتی و پەرتەوازەبوونی خێزان، شانۆگەریەکە لە نوسین و دەرهێنانی دانا رەئوفە.

تایبەت بە 964 دانا رەئوف وتی، “چیرۆکی شانۆنامەکە هەموو تاکێک خۆی تێدا دەبینێتەوە لە چین و توێژ و تەمەنێک، یان دەکرێت عەرەبێک یان بیانیەک بینەری بێت و خۆی تێدا ببینێتەوە و گرفتێکی مرۆڤایەتییە”.

شانۆییەکە حەوت ئەکتەر رۆڵی تیایدا دەبینن لە گەنج و پیر و منداڵ، شەماڵی عەبەڕەش و شیلان عەبدوڵا و دیاری عومەر و چەندین ئەکتەری دیکە، بڕیارە 6.10.2023 لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی نمایش بکرێت بۆ ماوەی هەشت رۆژ، بەڵام تا ئێستا پلان نییە بۆ شارەکانی دیکە، ئەمەش بەوتەی دەرهێنەری شانۆگەریەکە.

دەرهێنەری شانۆیی لێکترازان باسی لەوەشکرد بۆ یەکەمینجارە لە ئەزموونی کاری هونەری شەماڵی عەبەڕەش ئەو رۆڵە ببینێت و تەواو جیاوازە لە کارەکانی پێشووی.

دانا رەئوف، لەدایکبووی شاری سلێمانییە، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدادە و دانیشتووی ستۆکهۆڵمە، خاوەنی چەندین بەرهەمی شانۆیی و کتێبە لە کوردستان و ئەوروپا.