ژینێ ئەتروشی دۆزەخەکەی ژیانی دەکاتە گۆرانی
964+
پەرستۆ ساڵح
خانمە هونەرمەند ژینێ ئەتروشی بەمزوانە چیرۆکی ناخۆشترین ساڵەکانی ژیانی لە گۆرانیەکدا بڵاودەکاتەوە.
ژینێ ئەتروشی پێش مانگێک کۆتا بەرهەمی لەگەڵ هونەرمەند هەڵوێست محەمەد بەناوی “ڤیشاری” بڵاوکردەوە، ئێستاش کار بۆ بەرهەمێکی نوێ دەکات و تیزەری بەشێک لە گۆرانیەکەی بڵاوکردووەتەوە بێ ئەوەی ناوەکەی ئاشكرا بکات و دەڵێت، “لەم کۆتاییانەدا لە ژیانم زۆر شت روویدا لە هەڕەشکردن و شەوانێک نەخەوتن و گریان و فرمێسک رشتن، من سێ ساڵی رابردوو بە دۆزەخدا تێپەریم”.
لەماوەی رابردوودا ژینێ ئەتروشی تووشی شێرپەنجە بوو، بەڵام پاش وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی توانی نەخۆشیەکە تێپەرێنێت و بگەڕێتەوە ناو کاری هونەری و وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات تا ئێستا هیچی لەبارەی سێ ساڵی رابرووی ژیانی نەوتووە و ئەم گۆرانیە نوێیە وەڵامێک دەبێت.
ژینێ ئەتروشی، تەمەنی 25 ساڵەو خەڵکی شاری دهۆکە و لە وڵاتی نەرویج ژیاوە، بەڵام ئێستا لەگەڵ کچە تاقانەکەی لە کوردستان دەژیت.