یانەی دهۆک 13 یاریزانی هێناوەتە ریزەکانی
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
یانەی دهۆک بەباشی خۆی ئامادە دەکات بۆ خولی داهاتووی پیشەگەرانی عێراق و ژمارەیەک یاریزانی نوێی هێناوەتە رێزەکانی و پێشبینی ئەوە دەکەن جیاواز و بەبەهێزی دەرکەون.
شڤان محەمەد بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆک بە 964ی وت، هەموو ئامادەکارییەکی تەواویان کردووە تا ئێستا 15 یاریزان گرێبەستەکانیان نوێکراوەتەوە، هەروەها سێ یاریزانی پێشەگەریان هێناوەتە ریزەکانی یانەی دهۆک.
بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆک وتیشی، سێ یاریزانە پێشەگەرە نوێیەکە پێکهاتوون لە دومینیک ڤینیسیۆسی بەرازیلی، رۆبێن ئەکوا و ماکسوێل کوای غانی، بەوەش بە سێ یاریزانی تری پیشەگەری پێشوو دەبنە خاوەن شەش یاریزانی پیشەگەر بۆ یانەی دهۆک.
هەروەها یانەی دهۆک بۆ ئەمساڵ 13 یاریزانی نوێی هێناوەتە ریزەکانی، هەموویان ناوخۆیین لە یانەکانی زەورا و پێشمەرگەی سلێمانی و لە ناوخۆی عیراق هێناویانن.
سبەینێ شەممە، یەکەم کەمپی راهێنان بەسەرپەرشتی راهێنەر سلێمان رەمەزان دەستپێدەکات و لە هەفتەی داهاتوو سەردانی وڵاتی تورکیا دەکەن و یەکەی راهێنان ئەنجام دەدەن و لەپلانیش دایە چەند یارییەکی هاوڕێیانە لەو وڵاتە ئەنجامبدەن، شڤان محەمەد وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی