بەهۆی فەرمانبەرێکەوە مامەڵەی حەوت هەزار خێزان دەچێتە کەلار

964+

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی بازرگانی ئامادە نییە، “ئیفاد” بۆ کارمەندێکی کۆمپانیای خۆراک دابینبکات، کە رۆژانە پێویستە سەردانی رزگاری یان سلێمانی بکات، بۆ مامەڵەی هاوڵاتیان.

ئەوەش بووە بەهۆکاری ئەوەی، لە دوای 23 ساڵ بەشی کۆمپانیای خۆراک لە ناحیەی رزگاری هەڵبوەشێتەوە و بگوازرێتەوە بۆ کەلار، ئەو فەرمانبەرەشی دابینکرابوو بۆ ئەو کارە بەهۆی نەبوونی “ئیفاد”ـەوە دەستی لە کارەکە هەڵگرتووە.

قەحتان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە بەڕێوبەرایەتی ناحیەی رزگاری، ئەو فەرمانبەرەیە کە ئیفادی بۆ دابیننەکراوە، ئەو بە 964ی وت، “ئیدارەی گەرمیان و وەزارەتی ناوخۆ رەزامەندن بە گواستنەوەی من بۆ رزگاری بە مەرجی دابینکردنی ئیفادی کار، بەڵام وەزارەتی بازرگانی رەزامەند نییە”.

ئەو وتی، “وەزارەتەکە وتوویەتی، ئامادەنین کارمەندی هیچ وەزارەتێکی دیکە وەربگرن”، بە گوێرەی سۆراغی 964 حەوت هەزار و 300 خێزان لە رزگاری سوودمەندن لە پێدانی خۆراکی مانگانە.

گواستنەوەی بەشی خۆراکی کۆمپانیای خۆراک لە رزگاری بۆ کەلار، لەکاتێکدایە پێشتر هاوبەشانی خۆراک هەر لە رزگاری مامەڵەکانیان تەواو دەکرد و ئاراستەی خۆراکی گەرمیان دەکرا، بەڵام ئێستا، هەموو کارەکانی بەشی خۆراکی رزگاری گوازراونەتەوە بۆ کەلار.