لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا وانەبێژان گردبوونەوە
964+
توانا نەقی
ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە نیوەی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بایکۆتیان کردووە و وانەبێژانیش گردبوونەتەوە.
نوێنەران و بەشێک لە وانەبێژان لەبەردەم پەروەردەی سلێمانی گردبوونەتەوە و وەک خۆیان دەڵێن بۆ پشتگیری بایکۆتی مامۆستایانە تاوەکو موچە و داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.
کارزان فیزیک نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە 964ـی وت، ئێمە ئەم گردبوونەوەی ئەمڕۆشمان دەخەینە پاڵ ئەو سەدان گردبوونەوە و نارەزایەتییەی هەمانبووە لە ماوەکانی رابردوودا.
وتیشی، لە بەردەم پەروەردەوە زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدین و پشتگیری ئەو مامۆستایانە دەکەین بایکۆتی دەوامیان کردووە.
“بە پێی ئەو زانیاریانەی ئێمە هەمانە لە 50% بۆ 70% مامۆستایان بایکۆتی چوونە ناو هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، ئێمەش وەک وانەبێژان بەردەوام دەبین لە داواکانمان تا چارەسەر دەکرێت” کارزان فیزیک وای وت.
مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژ پێشتریش هۆشداری ئەوەیان دابوو کە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن کێشەی موچە چارەسەر نەکرێت گرفت بۆ ناوەندەکانی خوێندن دروست دەبێت.