بارزانی کوڕ لە وەڵامی بایكۆتى تاڵەبانی کوڕ زۆنی سەوز پڕۆژە باران دەکات

لە دوو مانگدا بە گوژمەی ٤٧٦ ملیار دینار پڕۆژە دەباتە زۆنی سەوز

+964

 بەدواداچوونی: فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

دوای بایکۆتەکەی قوباد تاڵەبانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو مانگدا زیاتر لە ١٣ پڕۆژ بە گوژمەی زیاتر لە ٤٧٦ ملیار دینار لە زۆنی سەوز دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بەپێی بەداواداچوونێکی +964، دەرکەوتووە دوای بایکۆتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی یەکێتی لە حکومەت و، ئامادە نەبوونیان لە کۆبوونەوە هەفتانەکانی ئەنجومەنی وەزیران، حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان بە زیاتر له‌ سێ ملیار دۆلارى ئەمەریکی کە دەکاتە سەرووی ٤٧٠ ملیار دینار، بۆ جێبه‌جێكردنى زیاتر لە ١٣ پڕۆژه لە سنوورى زۆنى سه‌وز ته‌رخان دەکات‌، ئەمەش لە کاتێکدایە له‌ مانگی ئه‌یلولى رابردوو تاكو بایكۆتكردنى تیمى یه‌كێتى لە حکومەت، زۆرترین بڕه‌ پاره‌ بۆ پڕۆژه‌كانى زۆنى زه‌رد، له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌.

+964 لەسەر ماڵپەڕی فەرمانگەی میدیاو زانیاری بەدواداچوونی کردووە، دوای ئەوەی لەم هەفتەیەدا، حکومەتی هەرێم ژمارەیەک پڕۆژەی لە زۆنی سەوز راگەیاند، ئەمەش بووە جێی سەرنجی ئەو بەدواداچوونە.

به‌پێی راگه‌یەنراو و بڵاوكراوه‌كانى فه‌رمانگه‌ى میدیاو زانیارى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، له‌دواى رۆژى ٢٠ـی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو تاوەکو ئەمڕۆ، ئه‌و بڕه‌ پاره‌ و گوژمانه‌ بۆ پڕۆژه‌كانى زۆنى سه‌وز ته‌رخان كراون:

یەکەم؛ رۆژى ٢٣ـی تشرینی یه‌كه‌م، پڕۆژه‌یه‌كی رێگاوبان له‌ ناحیەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، بڕی یه‌ك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ ته‌رخانكراوه‌.

دووەم؛ رۆژى ٢٦ـی تشرینی یەکەم، پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای ١٣٢ کەی ڤیی تانجەڕۆ ـ سەید سادق، بە پێنج ملیار و ٨٢ ملیۆن دینار چووە بواری جێبه‌جێکردنەوە.

سێیەم؛ له‌ رۆژی یه‌كى تشرینى دووه‌م، ١٢ ملیار و ٥٨٠ ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی پردی نوێی دەربەندی رانیە له‌ سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین ته‌رخانكراوه‌.

چوارەم؛ رۆژى دووى تشرینی دووەم، بڕی ٦٠٥ ملیۆن ٧٥٠ هەزار دیناری بۆ دروستكردنى پۆندێک له‌ ناحیەى ئاشتى سەر بە قەزای کۆیە ته‌رخانكراوه‌.

پێنجەم؛ رۆژى نۆى تشرینی دووەم، بڕی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ قۆناخى یەکەمى شەقامى ١٠٠م سلێمانى تەرخانکرا کە رێژەی ٤٦%ـی کارەکانى تەواوبووە‌.

شەشەم؛ رۆژى ١٠ـی تشرینی دووەم، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی ٧٤١ ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەکانی ئاو لە پارێزگای سلێمانی دا.

حەوتەم؛ رۆژى ١٧ـی تشرینی دووەم، سەرۆکی حکومەت رەزامەندیدا لەسەر خەرجکردنی چوار ملیارو ٨٧١ ملیۆن دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی پارێزگای سلێمانی.

هەشتەم؛ رۆژى ٢٧ـی تشرینی دووه‌م، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندی لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی یەک ملیار و ٤٤١ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دینار دا، بۆ پڕۆژەی ئاوی دوکان.

نۆیەم؛ رۆژى ١٤ـی كانونى یه‌كه‌م، بڕی ٣٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار، بۆ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ قەزای كۆیه‌، ته‌رخانكراوه‌.

دەیەم؛ رۆژى ١٨ـی كانونى یه‌كه‌م، بە گوژمەی حەوت ملیار و ٤٠٤ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار دینار، پڕۆژەیەک لە سنووری دەربەندیخان جێبەجێدەکرێت.

یانزە؛ رۆژى ١٨ـی كانونى یه‌كه‌م، لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی ،سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی قوتابخانەیەكی ١٨ پۆلی، لە گەڕەكی زانكۆ –ی شاری كۆیە دانرا، كه‌ گوژمەکەی دوو ملیار دینار بوو.

دوانزە؛ رۆژى ١٨ى كانونى یه‌كه‌م، کە دەکاتە دوێنێ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندیدا لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی ملیارێک و ٧٠٤ ملیۆن دینار، بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی خاوێنکردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خاشاک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.

سیانزە؛ رۆژى ١٨ـی كانونى یه‌كه‌م، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی ٨٩٧ ملیۆن و ٥٠٥ هەزار دینار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە شاری سلێمانی دا.

جگە لەو ١٣ پڕۆژەیە لە فەرمانگەی میدیاو زانیاری خۆیان بڵاویان کردۆتەوە، پڕۆژەی دیکەش هەبووە، کۆی گوژمەی ئەو ١٣ پڕۆژەیە دەکاتە ٤٧٦ ملیارو ٥٩٧ ملیۆن و ٣٠٥ هه‌زار دیناره‌، كه‌ بە دۆلار دەکاتە‌ زیاتر له‌ سێ ملیار دۆلارو سەرجەمیشیان لە زۆنی سەوزە.