RT بانک بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە
964+
ژووری هەواڵ
دوای ئەوەی دوێنێ RT بانک بڕیاریدا هاوبەشەکانیان ناتوانن دۆلارەکانیان لەو بانکە رابکێشن لەبری ئەوە دەتوانن پارەی عێراقی لەبری دۆلار رابکیشن, ئەمڕۆ سێشەممە ئەو بانکە بڕیارەکەی هەوڵوەشاندەوە.
سەرچاوەیەک لە RT بانک بە 964ی راگەیاند، بڕیارەکە تەنیا بۆ دوێنێ بووە و ئەمڕۆ بڕیارەکە کاری پێناکرێت و هاوبەشەکانیان دەتوانن بچن دۆلار رابکێشن.
964 پرسیاری لە چەند هاوڵاتییەک کردووە کە لەبەردەم بانکەکە بوون، وتیان ئەمڕۆ دۆلارەکانیان راکێشاوە و گرفتیان نەبووە.
رۆژی دووشەممە، بانکەکە رایگەیاند، هاوبەشەکانیان هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار بۆ دەگۆڕنەوە لە کاتێکدا لە بازاڕەکان بە سەروو 150 هەزار دینارە بوو.
سەنتەری پەیوەندییەکانی RT بانک لە هەولێر بە 964ـی وتبوو، “بە بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق تا کاتێکی نادیار پێدانی دۆلار بە هەموو کەسێک راگیراوە”.
دوو هەفتە لەمەوبەر، سەرەتا بڕیارەکە بۆ ئامێرەکانی ATM دەرچوو، لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستان پێدانی دۆلار راگیرا، تەنانەت کاتێک بەکارهێنەر داوای گۆڕینەوەی دۆلارەکەی دەکات بۆی ناکات بە دیناری عێراقی و لەجیاتیدا دەینووسی، “هەژمارەکەت بوونی نییە”.