200 دوکان لە دهۆک هەڕەشەی داخستنیان لەسەرە

964+
هەژین فەتاح

دوای تەواوکردنی ناوچەی پیشەسازی لە ئالۆکای دهۆك و گواستنەوەی پیشەوەران بۆ ئەو شوێنە، کە دوکانەکانیان لە پلانی شارەوانیدا بەر پارکێك کەوتبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوە زۆر لە پیشەوەران، کە لە پشت پێشانگای ئۆتۆمبێله‌كان ئیشیان دەکرد، هەندێ رێنماییان لە لایەن شارەوانیی دهۆکه‌وه‌ بۆ ده‌رچووه‌ و ئاگادار کراونەته‌وە، كه‌ پێویسته‌ جێبه‌جێی بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دوکانەکانیان دادەخرێن.

ئه‌م رێنماییانه‌ی شاره‌وانیی دهۆك بووه‌ته‌ جێی ناڕازیبوونی ئەو پیشەوەرانە.

ئیبراهیم، كه‌ خاوەنی یەکێک لە دوکانەکانه‌، بە 964ی وت، هەندێ رێنمایی لە لایەن شارەوانیی دهۆک بۆ ئێمە هاتووه‌ته‌ دانان، ئێمە رازیبووین و هەموویمان جێبەجێ كردووه‌، بەڵام ئه‌وان هێشتا دوكانه‌كانمان داده‌خه‌ن.

وتیشی، ئه‌و كۆمپانیایه‌ی پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دروستكردنی دوكانی له‌ ئالوكا بونیاد ناوه‌، به‌ بوونی دوكانه‌كانی ئێمه‌ له‌ شوێنی خۆیدا رازی نییه‌ و ده‌یه‌وێت ئێمه‌ش بچینه‌ پرۆژه‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه‌.

ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوەبەری شارەوانیی دهۆک بۆ 964 وتی، نزیکه‌ی 800 دوکان لە پشت پێشانگاکان هه‌ن و لەوانە 116 دوکان به‌ زێده‌ڕۆ دروستكراون، كه‌ 30 دوكانمان داخستوون و دوای نه‌هێشتنی زێده‌ڕۆییه‌كان، دواتر ده‌كرێنه‌وه‌.

ئەم 200 دوکانەی دەکەونە پشت پێشانگای ئۆتۆمبێله‌كان له‌ دهۆك، كاریان فیته‌ری و چاككردنی ئۆتۆمبێله‌كه‌، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له‌ شوێنی خۆیاندا بمێننه‌وه‌ و نه‌چنه‌ پرۆژه‌كه‌ی ئالوكا.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا